سەردێڕ:

روسیا: تا ئۆکرانیا پەیوەستی بەئەندامبوونی بێت لە ناتۆدا ئاشتی لەو وڵاتەدا مەحاڵە

PM:05:06:09/10/2024

1316 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند، تا ئۆکرانیا سووربێت لەسەر بەئەندامبوونی لە ناتۆدا مەحاڵە ئاشتییەکی دادپەروەر لە وڵاتەکە بەرپا ببێت.


ئەمڕۆ چوارشەممە، ماریا زاخارۆفا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند، پێویستە ئۆکرانیا بەشێوەیەکی بێ لایەنە بێتە سەر مێزی ئاشتی لەگەڵ روسیا نەک کاریگەری ئەمریکا و ناتۆی لەسەر بێت.

ئەوەشی خستە روو، ئەوەی بە جەنگی روسیا ناودەبرێت ئەوان بە کاردانەوەی روسیای دەبینن لە بەرامبەر فراوانبوونی ناتۆ بەرەو رۆژهەڵاتی روسیا.

هاوکات، ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا رایگەیاند، ئەگەر ئۆکرانیا دەیەوێت کۆتایی بە جەنگ بهێنێت پێویستە دەستبەرداری بەشێکی زۆر لە زەوییەکانی ببێت .

لە ٢٤ـی شوباتی ساڵی ٢٠٢٢ـەوە جەنگی ئۆکرانیا و روسیا بە فەرمانی ڤلادیمیر پوتین دەستی پێکردووە و تا ئیستاش بەردەوامە و تەنها لە سەرەتای جەنگەکەدا چەند جارێک شاندی ئاشتی هەردوو وڵات کۆبوونەوە، بەڵام نەگەیشتە هیچ رێککەوتنێک.

روسیا باس لەوە دەکات، پێویستە ئۆکرانیا دەستبەرداری ئەو ناوچانە ببێت کە سەربازانی روسیا دەستیان بەسەردا گرتووە و دەشبێت وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریکا لە هاوکارییەکانیان بوەستن بۆ ئۆکرانیا و هەوڵی فراوانکردنی جەنگەکە نەدەن.

لایخۆشییەوە، ئۆکرانیا بە هاوکاری وڵاتانی رۆژئاوا بە تایبەت ئەمریکا و ئەڵمانیا دەستی کردووە بە هێرشی پێچەوانە و چەند ناوچەیەکی روسیای لە سنووری وڵاتەکەی داگیر کردووە و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا دەڵێت، بەردەوام دەبن لە هێرش و سازش لەسەر زەوییەکانیان ناکەن.













گەلەری