سەردێڕ:

جارێکی دیکە بە خانەنشینانی هێزەکانی ٧٠ وترا: مووچە نییە و بگەڕێنەوە ماڵەوە

PM:12:03:09/10/2024

5636 جار خوێندراوەتەوە

٩ی ١٠یە و ئەمڕۆ دوای دوو مانگ لە دواکەوتنی، رۆژێک بەسەر وادەی تەواوبوونی دابەشکردنی مووچەی مانگی هەشتدا تێپەڕی، بەڵام جارێکی دیکە بە خانەنشینانی هێزەکانی ٧٠ وترا، مووچە نییە و بگەڕێنەوە ماڵەوە.


ماوەی چەند مانگێکە 'مانگ بە واتای مانگی دابەشکردنی مووچە کە ژمارەی رۆژەکانی ٥٠ رۆژو زیاترە' دابەشکردنی مووچەی خانەنشینانی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ گرفتی تێدەکەوێت.

ئەمڕۆ ٩ی ١٠یە، دوو مانگە دابەشکردنی مووچە دواکەوتووە و ئەم هەفتەیە حکومەتی کاربەڕێکەر دەستی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی هەشت کرد، سەرەڕای ئەوەی دوێنێ کۆتا رۆژی دابەشکردنی مووچە بوو بەپێی خشتەی مووچە، بەڵام خانەنشینانی هێزەکانی ٧٠ جارێکی دیکە بە گیرفانی بەتاڵەوە بەردەم بانکیان چۆڵ کرد.

ئەو خانەنشینانە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا باسیان لەوەکرد، "نازانین حکومەت لەچی دەترسێ کەوا گرفتەکانی لیستی مووچەی خانەنشینانی هێزەکانی ٧ چارەسەر ناکات".

دەشڵێن، "وەزارەتی دارایی باس لەوەدەکات، کێشە لە لیستی مووچەکەیاندا هەیە و مووچەی زیایە وەردەگیرێت، ئەگەر وایە بۆچی لیستەکە پاکناکەنەوە و ئەو کەسانەی لێدەرناکەن، بۆچی ئەم هەموو خانەنشینە دەکەنە قوربانی ئەو کەسانە!".

ئەو خانەنشینانە ئاماژەیان بەوەشکرد، ژمارەیان زیاترە لە ١٠ هەزار کەس و گرفت لە بایۆمێترییەکانیشیاندا نییە.

ئەوەشیان خستەڕوو، بەم نزیک دەنگدانە ئازاری مووچەخۆران دەدەن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، مانگی رابردووش مووچەی خانەنشینانی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ دواکەوت، سەرەڕای نەگونجاوی میکانیزمی دابەشکردنی مووچەی خانەنشیان کە وەک خۆیان ئاماژەی پێدەکەن، لەبەر خۆر و باران و بە گەرما و سەرما لە بەردەم بانک سەرەدەگرن.

هـ.ئـ












گەلەری