سەردێڕ:

حکومەتی عێراق: رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی ئاسایش و سەروەریی عێراق دەگرینە بەر

PM:03:36:06/10/2024

1344 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، حکومەتی عێراق هەوڵی جدی داوە بۆ دوورخستنەوەی عێراق لە شەڕ و ململانێکانی ناوچەکە و بەردەوامیش دەبێت لە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست لەوبارەیەوە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، حکومەت پابەندە بە پاراستنی ئاسایش و سەروەریی عێراق و دوورخستنەوەی لە مەیدانی شەڕ و ململانێکانی ناوچەکە.

ئاماژەی بەوەش کرد، هەموو رێوشوێنێکی پێویست بۆ پاراستنی سەقامگیریی وڵات لە رووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە گیراوەتە بەر.

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ پاراستنی ئاسایشی ئاسمانیی عێراق، سەرجەم سنوورەکانی عێراقیش لەژێر چاودێری ورددان و ئاسایشی سنوورەکان بەهێزتر کراون.

پێشتریش، سودانی رایگەیاندبوو، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەسەر بنەمای رێزگرتن و بەرژەوەندی هاوبەش دەبێت و پابەند دەبن بە رێگەنەدان بەوەی خاکەکەیان بەکاربهێنرێت بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە.













گەلەری