کابینەی نۆیەم، کە لە رووکەشدا بە کابینەی چاکسازیی و چارەسەری کێشەکان بانگەشەی دەکرد، بەڵام لە کرداردا کابینەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بوو بۆ مووچە و خزمەتگوزاریی.
هەر لە سەرەتای دروستبوونیەوە، کابینەی نۆ بە قەیران و دابین نەکردنی خزمەتگوزاری و سەپاندنی باج بەسەر هاوڵاتیاندا دەستی پێکرد و کۆمەڵێک قەیران و کێشەی دیکەی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان زیاد کرد.
لە کابینەکەی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانیدا کێشە و
قەیرانەکان بە جۆرێک زیادی کرد، کابینەکە بووە بە کابینەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان،
بە جۆرێک کەم رۆژ هەبووە خۆپیشاندان و گردبوونەوە بەڕێوە نەچێت، رۆژێک خوێندکاران
بەهۆی نەبەونی خزمەتگوزارییەوە لەسەر شەقامن، رۆژێک جوتیاران بەهۆی ساغنەبوونەوەی
بەرهەمەکانیان و رۆژێک کاسبکاران و رۆژێک دوکانداران.
رۆژێکی دیکە مامۆستایان و فەرمانبەران و مووچەخۆران بەهۆی
پێنەدانی مووچەکانیانەوە دەڕژێنە سەر شەقامەکان و داوای مووچە و پلەبەرزکردنەوە دەکەن،
مامۆستایانی وانەبێژیش بەردەوام لە خۆیپشانداندا بوون و داوای ئەوە دەکەن بکرێن بە
هەمیشەیی.
ئەوە جگە لە چین و توێژەکانی دیکە، کە بەردەوام بەهۆی کێشەی
کارەبا و نەبوونی ئاو و نەبوونی خزمەتگوزاریی، لەسەر شەقامەکان بوون و ناڕەزایەتیان
نیشانداوە.
سەرەڕای ئەو هەموو کێشە و قەیرانە یەک لە دوای یەکانە، لەم
کابینەیەدا حکومەتی کاربەڕێکەر باج و رسوماتی لەسەر هاوڵاتیان زیاتر کردووە، کە ئەمەش
هێندەی تر بارودۆخی هاوڵاتیانی لە هەرێمی کوردستان سەختتر کردووە. بە جۆرێک لە ئێستادا
حکومەتی کاربەڕێکەر سەدان جۆر باج و سەرانە لە هاوڵاتیان وەردەگرێت.
لە بەرامبەر ئەو سیاسەتەی کابینەی نۆ، هاوڵاتیان بە شێوازێکی
مەدەنی و شارستانی خۆپیشاندان و گردبوونەوە ساز دەکەن و شاقامەکانیان کردووە بە سەنگەری
بەرگریکردن لە داوا رەواکانیان و کابینەی نۆ بە کابینەیەکی شکستخواردوو دەزانن.