سەردێڕ:

ئەمڕۆش یەکێتی دەیەوێت بەبێ پڕکردنەوەی فۆڕمی هەژماری من مووچە نەدات بە خانەنشینان

AM:09:08:06/10/2024

1424 جار خوێندراوەتەوە

ماوەی سێ رۆژە لەگەڵ دەستپێکردنی دابەشکردنی مووچە، یەکێتی دەیەوێت بە زۆر فۆڕمی هەژماری من بە خانەنشینان پڕ بکاتەوە و لە هەڵەبجەش کردوویەتی بە مەرجی دابەشکردنی مووچە.


ئەو خانەنشینانە باس لەوەدەکەن، فۆڕمێکیان پێ پڕدەکەنەوە و پێیان دەڵێن ئەوە پەیوەندی بە بەغداوەیە و هەژماری من نییە.

سەرەڕای ئەوەی یەکێتی لە هەڵەبجە دابەشکردنی مووچەی خانەنشینانی کردووە بە مەرجی پڕکردنەوەی هەژماری من، قەرەباڵغی بەردەم بانکەکان و دابەشنەکردنی مووچە و دواکەوتنی کارەکانیان ئەوەندەی دیکە بارگرانی بۆ خانەنشینان دروستکردووە.

خانەنشینان باس لەوەدەکەن، ئەوەندە دابەشکردنی مووچەیان دواخستووە، هەر وەریدەگری نازانی چی لێبکەیت، بیدەیتەوە بە قەرز یان خەرجی رۆژانەی پێدابین بکەیت.

بەشێکی ئەو خانەنشینانە دەشڵێن، لە نوێژی بەیانییەوە لە سەرەدا و لەبەردەم بانکدا وەستاون.

ئەم دۆخەی خانەنشینان نوێ نییە و هەموو مانگێک بەهەمان شێوە مووچە وەردەگرن، هەر بەهۆی ئەوەشەوە تاوەکو ئێستا چەندین خانەنشین لە سەرەی مووچەدا گیانیان لەدەستداوە، یان دۆخی تەندروستیان تێکچووە.

لەئێستادا مووچەخۆرانی هەرێم لە مانگی ١٠ی ٢٠٢٤دان، بەڵام هەشتەم مووچەی ئەمساڵ وەردەگرن و هێشتا چارەنووسی چوار مووچەکەی دیکەیان دیار نییە، کە ئاخۆ پێیان دەدرێت یان وەک ساڵانی رابردوو جووت بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی بەناوی پاشەکەوتەوە لای خۆیان گلی دەدەنەوە.













گەلەری