سەردێڕ:

ترەمپ و هاریس هەڵمەتەکانیان لە ویلایەتە یەکلانەبووەکان چڕکردووەتەوە

PM:07:32:04/10/2024

1168 جار خوێندراوەتەوە

دوای ٣٠ رۆژی دیکە و لە ٥ ـی تشرینی یەکەمی داهاتوو، هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا بەڕێوەچێت و لەو نێوەندەدا هەردوو کاندیدی کۆماری و دیموکراتەکان هەڵمەتەکانیان لە ویلایەتە یەکلانەبووەکان چڕکردووەتەوە و هەوڵ بۆ مسۆگەرکردنی دەنگەکانیان دەدەن.


وادەی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا تەنیا یەک مانگی ماوە و لە گەڵیشیدا هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن لە نێوان هەردوو کانیدی سەرۆکایەتی بەشێوەیەکی بەرچاو چڕبووەتەوە.

ئەو دەنگە بەنرخانەی دەنگدەر کە پێویستن بۆ گەیاندنی یەکێک لە کاندیدەکان بە کورسی سەرۆکایەتی، لەو ویلایەتانە کۆبوونەتەوە کە بە خۆڵەمێشی یان یەکلانەبوو ناودەبرێن و بوونەتە گۆڕەپانی سەرەکی جەنگی هەڵبژاردن لەنێوان ترەمپ و هاریسدا.

بە وتەی چاودێرانی دۆخەکە ئەو دەنگانەی لە ئێستادا هەریەک لە کاندیدەکان بەدەستی دەهێنن زۆر بەنرخن، بە تایبەتی لەو ویلایەتانە کە ئەمساڵ ژمارەیان حەوت ویلایەتە و بریتین لە، ویسکۆنسن، میشیگن، پنسلڤانیا، ئەریزۆنا، نیڤادا، کارۆلینای باکور و جۆرجیا.

ئەوە لە کاتێکدایەم تا ئەم ساتە لایەنگریی ئەو ویلایەتانە بۆ هیچ کام لە کاندیدەکان یەکلایی نەبووەتەوە و رەنگە لە رۆژی دەنگدان دەربکەوێت.

هەربۆیە بە وتەی چاودێران پێدەچێت هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمجارەی ئەمریکا هاوشێوەی هەڵبژاردنەکەی ساڵی ٢٠٢٠ یەکێک بێت لەو هەڵبژاردنانەی کە تا دواین سات ئەنجامەکەی بە تەمومژاویی بمێنێتەوە.

لەو نێوندەدا کامالا هاریس کاندیدی دیموکراتەکان بەنیازە بۆ ماوەی دوو رۆژ سەردانی هەردوو ویلایەتی (ویسکۆنسن) و (میشیگن) بکات کە ویلایەتی خۆڵەمێشین و دیموکراتەکان تیایدا لە زۆربەری هەڵبژاردنەکان سەرکەوتنیان تیادا بەدەستهێناوە، بە دیاریکراویش لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٠ ـدا.

هەرچی دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکانیشە، هەڵمەتەکانی زیاتر لە ویلایەتەکانی (پینسلڤانیا) و (میشیگن) چڕدەکاتەوە، کە تەنیا لە ماوەی هەفتەیەکدا دووجار سەردانی (میشیگن)ـی کردووە و قسەی بۆ لایەنگرانی کردووە و هەوڵی زۆر دەدات تا دەنگی ویلایەتەکە بۆ خۆی مسۆگەر بکات.

بەو پێیەش بێت هەردوو کاندیدەکە بە بەیاخێکی زۆرەوە لە ویلایەتی میشیگن دەڕوانن و کەسیان ئامادە نین لە دەستی بدەن و ئەوەی پێویست بێت دەیکەن بۆ بەدەستهێنانی متمانەی دانیشتوانەکەی.

لە لایەکی ترەوە و بەپێی نوێترین راپرسی، هاریس و ترەمپ لە ویلایەتە سەرەکییەکان و ویلایەتە خۆڵەمێشییەکان لە یەکترەوە نزیکن، تەنانەت دەنگدەرە ئەمریکیە بە رەچەڵەک عەرەبەکان دەنگەکانیان بە یەکسانی لەنێوان هەردوو کاندید دابەش بووە.

هەرچۆنێک بێت ٣٠ رۆژی داهاتوو، رەنگە سوپرایز و روودانی گۆڕانکاریی بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە ٥ـی تشرینی داهاتوو بەخۆوە ببینێت، کە وا بکات دیواری یەکسانی نێوان هاریس و ترەمپ بشکێنێت و بردنەوەی یەکێکیان یەکلایی بکاتەوە.













گەلەری