سەردێڕ:

بەرگریی رووسیا: ١١٣ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیامان تێکشکاند

AM:08:48:03/10/2024

1248 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند،شەوی رابردوو لە چەند ناوچەیەکی جیاواز توانیویانە ١١٣ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیا تێکبشکێنن.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی بەرگریی رووسیا راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، شەوی رابردوو ئۆکرانیا لە رێگەی ١١٣ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشی کردووەتە سەر چەند ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی رووسیا.

ئاماژە بەوەش کراوە، لە رێگەی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیانەوە توانیویانە سەرجەم ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە تێکبشکێنن و هیچ زیانێکی گیانییان نەبووە.

ئەوەش خراوەتە روو، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان توانیویەتی ٧٣ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە هەرێمی بێلگۆرۆد، ٢٥ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە هەرێمی فۆرۆنیچ، ١٤ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە هەرێمی کۆرسک و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیش لە هەرێمی بریانسک بخەنە خوارەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە شوباتی ٢٠٢٢ بە فەرمانی راستەوخۆی ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی رووسیا، سوپای ئەو وڵاتە هێرشی بۆ سەر خاکی ئۆکرانیا دەستپێکرد، لەو کاتەشەوە تا ئێستا جەنگ لەنێوان هەردوو لادا بەردەوامە و بەهۆی جەنگەکەشەوە، دەیان هەزار سەرباز و کەسی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و ملیۆنان کەسیش ئاوارە بوون.













گەلەری