سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تی گەندەڵییەکی دیکەی حکومەتی کاربەڕێکەر لەسەر داهاتی ناوخۆ ئاشکرا دەکات

PM:05:56:30/09/2024

8344 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێکی ئاگادار بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، حکومەتی کاربەڕێکەر ژمێرکاری سەرجەم وەزارەتەکانی ئاگادار کردووەتەوە کە تەنها ٦٠٪ـی داهاتەکانیان تۆمار بکەن، ئەوەش بە مەبەستی فێڵکردن لە بەغدا بۆ ئەوەی کە تەنها ٣٠٪ـی داهاتی ناوخۆ بدەن بە بەغدا.


ئەمڕۆ دووشەممە، چاوگێک بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بۆ فێڵکردن لە وەزارەتی دارایی عێراق و نەناردنی نیوەی داهاتی ناوخۆ بە تەواوی، حکومەتی کاربەڕێکەر داوای لە سەرجەم وەزارەتەکان کردووە کە تەنها ٦٠٪ـی داهاتی مانگانەیان بنوسن.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر وەزارەتێک داهاتی مانگێکی ١٠٠ ملیار دینار بێت، بە گوێرەی رێککەوتنەکەی بەغدا و هەرێم دەبێت ٥٠ ملیار دینار رادەستی بەغدا بکرێت، بەڵام بەو پلانەی حکومەتی کاربەڕێکەر، تەنها ٣٠ ملیار دینار رادەستی بەغدا دەکرێت و ئەو پارەیەی دەمێنێتەوە دەچێتەوە خەزێنەی پارتی و یەکێتی.

باسی لەوەش کرد، ئەو وەزارەتانەی کە داهاتیان زۆرە، داوایان لێ کراوە کە داهاتەکایان بە دوو پسوڵە بنوسن، پسوڵەی یەکەمیان کە نهێنی دەبێت، ١٠٠٪ـی داهاتی ناوخۆی لەسەر نوسراوە بنێرنەوە بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم، پسوڵەی دووەمیش کە تەنها ٦٠٪ـی داهاتی ناوخۆی لەسەر نوسراوە دەنێردرێت بۆ وەزارەتی دارایی عێراق.

ئەوەشی خستە روو، بەو هەنگاوە حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم دەیەوێت لەبری ئەوەی نیوەی داهاتی ناوخۆ رادەستی بەغدا بکات، تەنها ٣٠٪ـی داهاتەکە رەوانەی بەغدا بکات.

هاوکات، بە گوێرەی داتاکانی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم، داهاتی ناوخۆ مانگانە ٤٥٢ ملیار دینارە، بەوپێیەش لە نۆ مانگی ئەمساڵدا، حکومەتی کاربەڕێکەر زیاتر لە چوار ترلیۆن و ٦٨ ملیار دیناری دەست کەوتووە و تەنها ٢٣٠ ملیار دیناری رادەستی بەغدا کردووە، لە ئێستاشدا ئامادە نییە هیچ بڕە پارەیەک لە داهاتی ناوخۆ خەرج بکات و مووچەی پێ دابەش بکات، لە کاتێکدا بەغدا بڕی ٧٥٥ ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی هەشتی مووچەخۆرانی هەرێم ناردووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بە گوێرەی رێککەوتنەکانی نێوانیان، دەبێت حکومەتی کاربەڕێکەر مانگانە نیوەی داهاتی ناوخۆ رادەستی بەغدا بکات.













گەلەری