توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرای کردووە، ئەو بەکتریایانەی کە دەبنە هۆی هەوکردنی پووک، ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەکانی سەر و ملیش زیاد دەکەن.
بەپێی راپۆرتێکی "دەیلی هێڵث"، توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە زیاتر لە دەیان جۆری بەکتریا پەیوەندییان بە زیادبوونی ٥٠٪ـی مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەکانی سەر و ملەوە هەیە.
دکتۆر ریچارد
هایس یاریدەدەری توێژەر لە زانکۆی نیویۆرک دەڵێت، "دۆزینەوەکانمان هۆکارێکی دیکە دەخەنە روو
بۆ پاراستنی خووی پاکوخاوێنی دەم و ددان، شۆردن و بەکارهێنانی پەتی ددان نەک تەنها
رێگری لە نەخۆشییەکانی پووک دەکات، بەڵکو رەنگە لە شێرپەنجەی سەر و ملیش بمانپارێزێت".
هاوکات توێژەران ئاماژەیان بەوە کردووە، بەشێک لەو بەکتریایانە بەشدارن
لە هەوکردنی سەختی پووک، هەوکردنەکە بە جۆرێکە کە دەتوانێت ئێسکی چەناگە و شانە نەرمەکانی
دەوروبەری ددانەکانیش بخوات.
جێی سەرنجە کە لە توێژینەوەکەدا هیچ زیادبوونێکی مەترسیی تووشبوون بە
شێرپەنجە لە ئەنجامی ئەو کەڕووە سروشتیانەی کە لە دەمدا دەبینرێن، نەدۆزراوەتەوە.
شێرپەنجەکانی سەر و مل زاراوەیەکی گشتییە، ژمارەیەک
شێرپەنجە دەگرێتەوە کە لە ناوچەی سەر و ملدا گەشە دەکەن، لەوانەش شێرپەنجەی دەم، زمان، پووک و لێو، سندوقی دەنگ، قوڕگ، رژێنەکانی لیک، لووت و جیوبەکان.