چاوگێک لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەغدا مەرجی هەیە بۆ ناردنی تەواوکاریی مووچەی مانگی هەشت و داوا دەکات هەرێم داهاتی ناوخۆی رادەست بکات.
چاوگێکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەغدا مەرجی هەیە بۆ ناردنی تەواوکاری مووچەی مانگی هەشت و مووچەی مانگەکانی دیکە، کە مەرجەکەی رادەستکردنی داهاتی ناوخۆیە، پاشان جێبەجێکردنی خاڵەکانی دیکەی رێککەوتنی نێوانیان.
لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسێکی عێراقی ئەوەی ئاشکرا کردووە، سبەینێ بەغدا پارەی تەواوکاری مووچەی مانگی هەشتی هەرێم رەوانە دەکات و لەگەڵ گەیشتنی پارەکە بۆ هەرێم، لە هەمان رۆژدا لیستی مووچەی مانگی هەشتی مووچەخۆرانی هەرێم بڵاو دەکرێتەوە و دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت.
شەوی ٢٤ی مانگ شاندی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گەیشتە
هەرێم و رۆژی دواتر لەبارەی پرسی مووچە و داهات و خەرجییەکانەوە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم
کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا ئەندامانی شاندەکە بە بەرپرسانی هەرێمیان
وتبوو، ئەگەر دەتانەوێت گرفتی مووچە بە یەکجاری چارەسەر بکرێت و ئەو هەموو هاتوچۆیەی
نێوان هەرێم و عێراق نەمێنێت، ئەوا دەبێت پابەند بن بە رادەستکردنی ٥٠٪ی داهاتی
نانەوتی بە عێراق.
شاندەکە ئەوەی خستبووە ڕوو، پابەندبوون بە رادەستکردنی
داهاتی ناوخۆ مەرجی سەرەکییە و دواتریش دەبێت بەشێوەیەکی جددی هەرێم پابەند بێت بە
سەرجەم رێککەوتنەکانی نێوانیان، بۆ دابینکردنی لیستێکی مووچەی بێگرفت و لیستی مووچەی
خانەنشینی سەربازی و هێزە ئەمنییەکان کە دەبێت حکومەتی عێراق بڕیاری لێبدات.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ٢٧ی ٧ی ساڵی رابردوودا، هەرێم و بەغدا
لەسەر پێنج خاڵ رێککەوتن و بەگوێرەی رێککەوتنەکە هەرێم سەرجەم داهاتی نەوتی و ٥٠٪ی
داهاتی نا نەوتی رادەستی بەغدا دەکات، لە بەرامبەردا حکومەتی عێراقی ماف و شایستەداراییەکانی
هەرێم دەنێرێت.
بەڵام لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا هەرێم پابەند نەبووە بە
رادەستکردنی داهاتی نانەوتی و دوای نزیکەی ساڵێک لەو رێککەوتنەی لەگەڵ عێراق ئەنجامیدا،
لە مانگی ئایاری رابردوودا، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق لە نووسراوێکدا باسی لەوە
کرد، حکومەتی کاربەڕێکەر داهاتی نانەوتی رادەستناکات و سەرەڕای ئەوەش دەستکاری
داهاتەکان دەکات.
هـ.ئـ