سەردێڕ:

کەی لیستی مووچەی مانگی هەشت بڵاو دەکرێتەوە؟

PM:07:34:27/09/2024

78864 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسێکی عێراقی بڵاویکردووەتەوە، سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەغدا پارەی تەواوکاری بۆ مووچەی مانگی هەشتی مووچەخۆرانی هەرێم دەنێرێت و دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت.


ئاژانسی "بغداد الیوم" لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردووەتەوە، بەغدا بەڵێنی داوە یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو پارەی تەواوکاری بۆ مووچەی مانگی هەشتی مووچەخۆرانی هەرێم رەوانە بکات.

ئاماژە بەوەش کراوە، لەگەڵ گەیشتنی پارەکە بۆ هەرێم، لە هەمان رۆژدا لیستی مووچەی مانگی هەشتی مووچەخۆرانی هەرێم بڵاو دەکرێتەوە و دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت.

باس لەوەش کراوە، بڕیارە لە ماوەی سێ رۆژدا مووچەی مانگی هەشت بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بکرێت و چەند رۆژێکیش دواتر پارە بۆ مووچەی مانگی نۆ دەنێردرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوای هەواڵەکەی ئێن ئاڕ تی سەبارەت بە دواخستنی مووچە لەلایەن یەکێتی و پارتییەوە، دوێنێ پێنجشەممە، حکومەتی کاربەڕێکەر لەڕێگەی وەزارەتی داراییەوە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، چاوەڕێن لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا گوژمەی تەواوکاری بۆ مووچەی مانگی هەشت کە بڕەکەی ٢٤٣ ملیار دینارە، لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر، تاوەکو دەست بە دابەشکردنی مووچە بکەن.

ئەوەش هاتبوو، دوای چاککردنەوەی سەرجەم کەموکوڕییەکان تیایاندا؛ لیستی مووچەی مانگەکانی هەشت و نۆی مووچەخۆرانی هەرێم رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کراوە. هاوکات، وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی نۆی مووچەخۆرانی هەرێمدا لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە دەستی پێکردووە.

پێشتر ئێن ئاڕ تی ئەوەی ئاشکرا کرد، کە پارتی و یەکێتی رێککەوتنیان کردووە تا دابەشکردنی مووچەی مانگی هەشت بخەنە سەرەتای مانگی ١٠ و وەک بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاری بهێنن، داواشیان کردووە مووچەی مانگی نۆش لە بەغداوە بێت، تا بڵێن لەم بانگەشەی هەڵبژاردنەدا دوو مووچە دابەش دەکەن.


 

 













گەلەری