سەردێڕ:

پلاندانانی عێراق: ئامانجێکی سەرژمێریی دانیشتوان پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکانە بۆ هاوڵاتیان

PM:04:33:27/09/2024

1320 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاندووە، پڕۆسەی پێدانی ژمارە بە خانوو و باڵەخانەکان لە پارێزگا جیاوازەکانی عێراق پێشکەوتنی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە و لە پارێزگای کەرکوک ٧٠٪ـی پڕۆسەکە تەواو بووە. دەشڵێت، ئامانجێکی پڕۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان، پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکانە بۆ هاوڵاتیان لە سەرجەم پارێزگاکان.


ئەمڕۆ هەینی، عەبدولزەهرا هنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، پڕۆسەی پێدانی ژمارە بە خانوو و باڵەخانەکانی پارێزگا جیاوازەکانی عێراق کە لە سەرەتای ئەم مانگەوە دەستی پێکردووە، بەردەوامە.

باسی لەوەش کردووە، پڕۆسەی ژمارەدان لە پارێزگای کەرکوک ٧٠٪ـی تەواو بووە و لە پارێزگاکانی دیکەش پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە.

ئەوەشی خستووەتە روو، پڕۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان یارمەتیدەر دەبێت لە دیاریکردنی ئاستی پێویستییەکانی هەر پارێزگایەک لە بوارەکانی تەندروستی، پەروەردە، نیشتەجێبوون و خزمەتگوزارییەکان، هاوکات دابینکردنیان بەگوێرەی ژمارەی هاوڵاتیان.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاندبوو، ئامادەکارییەکان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بەردەوامە.

ئاماژەی بەوەش کردبوو، راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی سەرژمێری گشتیی دانیشتوانی عێراق بە هەرێمیشەوە لەماوەی ٢٤ کاتژمێر دوای پڕۆسەکە رادەگەیەنرێت، بەڵام ئەنجامی کۆتایی بە تەواوی وردەکارییەکانەوە، لەماوەی دوو مانگ یان کەمتر لەدوای پڕۆسەکە بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکرێت.

بڕیارە لە ٢٠ـی مانگی ١١ـی ئەمساڵدا، سەرژمێریی گشتیی لە عێراق ئەنجام بدرێت، ئەوەش دەبێتە یەکەم سەرژمێری لە دوای ساڵی ١٩٩٧ـەوە کە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.


 













گەلەری