سەردێڕ:

نەوتی عێراق: کەمکردنەوەی سووتانی غاز لەپێشینەی کارەکانمانە

AM:11:42:27/09/2024

1000 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، دانانی نرخێکی گونجاو بۆ ئەو غازەی بەرهەمدەهێنرێت و وەبەرهێنان تێیدا و کەمکردنەوەی سووتانی غاز لەکاتی بەرهەمهێناندا لەپێشینەی کارەکانیانە.


ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، پێویستە کۆمپانیای نەوتی زیقار و کۆمپانیای غازی باشوور و بەشە پەیوەندیدارەکان ڕێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ خێراکردنی وەبەرهێنانی غاز.

ئەوەشی خستە روو، دیاریکردنی نرخێکی یەکگرتوو بۆ سەرجەم کۆمپانیاکانی دەرهێنانی غاز و ئامادەکردنی توێژینەوە و پلانی داهاتوو بۆ پەرەپێدانی کەرتەکی بەرهەمهێنانی غاز لەپێشینەی کارەکانیانە.

باسی لەوەش کردووە،وەزارەتی نەوت سوورە لەسەر دانانی سیاسەتێکی بەهێز بۆ دیاریکردنی نرخی غازی خاو و وەبەرهێنانی کاریگەر لەو کەرتەدا لە چوارچێوەی پلانی حکومەتدا.

پێشتر، وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، گەیشتوون بە خۆبژێوی لە بەرهەمە نەوتییەکان و ئامادەکاری دەکەن بۆ هەناردەکردنی بەنزین بۆ دەرەوەی وڵات. دەشڵێت، "لە ئایندەیەکی نزیکدا، بەنزین بۆ وڵاتانی دەرەوە هەناردە دەکەین".

ئەوەشی خستە روو، بڕی ئەو غازەی لە عێراقدا رۆژانە بەرهەم دەهێندرێت، زیاترە لە سێ ملیار پێ سێجا، لەو بڕەش، نزیکەی دوو هەزار پێ سێجا لە غازی سرووشتی، وەبەرهێنانی تێدا دەکرێت.

باسی لەوەش کرد، ئامانجی سەرەکی حکومەتی عێراق لە ئێستادا گەیشتنە بە ئاستی خۆبژێویی، بەشێک لەو پڕۆژانەش کە ٢٩ پڕۆژەن و پەیوەستن بە وەبەرهێنان لە عێراقدا و لە کۆڕبەندی پێنجەم و شەشەمدا مۆڵەتیان پێ درا، لە ئێستادا دەستیان بە کارەکانیان کردووە.

پێشتریش ئاماژەی بەوە کردبوو، ١٤ پڕۆژەیان لە ئێستادا ئامادەن بچنە بواری جێبەجێکردنەوە و تەنها چاوەڕوانی رەزامەندی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقن.

ئەو هەوڵانەی حکومەتی عێراق لە کاتێکدایە، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە ئێستادا عێراق نەگەیشتووەتە قۆناغی ئابووریی نانەوتی بۆیە هێشتا پشت بە سەرچاوە کانزاییەکان دەبەستێت و ئەوەش وادەکات پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان گرنگییەکی تەواوی بۆ ئابووریی عێراق هەبێت. دەشڵێت، " ژێرخانی ئابووریی نانەوتیی عێراق گەشە بەخۆیەوە دەبینێت".













گەلەری