سەردێڕ:

لە مانگی ئابدا هەناردەی نەوتی عێراق زیاتر لە ١٠٥ ملیۆن بەرمیل بووە

PM:04:47:26/09/2024

1108 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، بەپێی داتاکانی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراقەوە (سۆمۆ)، تێکڕای هەناردەی نەوتی عێراق لە ماوەی مانگی ئابی رابردوودا زیاتر لە ١٠٥ ملیۆن بەرمیل بووە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بە پشتبەستن بە داتاکانی کۆمپانیای سۆمۆ، لە مانگی رابردوودا بە تێکڕا ١٠٥ ملیۆن و ٨٤٥ هەزار و ٥٩٩ بەرمیل نەوت لە عێراقەوە هەناردە کراوە.

باسی لەوەش کردووە، لەو رێژەیە ١٠٥ ملیۆن و ٥٥٩ هەزار و ٥٢٥ بەرمیلیان لە کێلگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە هەناردە کراوە.

ئەوەشی خستە روو، هەر لەو مانگەدا بڕی ٢٨٦ هەزار و ٧٤ بەرمیل هەناردەی ئوردن کراوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە مانگی تەمموزی ئەمساڵدا لەڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقەوە (سۆمۆ) بەتێكڕا ١٠٨ ملیۆن و ٥٣ هەزار و ٣٥٦ بەرمیل نەوت هەناردە کراوە.













گەلەری