سەردێڕ:

ساڵێک بەسەر رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی حەمدانیەدا تێپەڕی

PM:04:02:26/09/2024

6876 جار خوێندراوەتەوە

ساڵێک بەسەر رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی حەمدانیەدا تێپەڕی؛ ئەو رووداوەی کەمتەرخەمی لە بەڕێوەبردندا بووە هۆی ئەوەی پرسە بکەوێتە سەدان ماڵەوە.


درەنگانی شەوی ٢٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیریدا لە هۆڵی هەیسەم لە قەزای حەمدانییە سەر بە پارێزگای نەینەوا ئاگر کەوتەوە و بەهۆیەوە ١٢٤ کەس گیانیان لەدەستدا و سەدان کەسی دیکەش بریندار بوون.

ئەو شەوەی حەنین و ریڤان و سەدان خێزانی دیکە شاییان لێبوو بە شین، بەهۆی یاریی ئاگرینەوە پرسە کەوتە سەدان ماڵی گەڕەکەکانی حەمدانییەوە.

حەنینی تەمەن ١٨ ساڵ و ریڤانی ٢٨ ساڵ؛ بە ئومێدی چوونە ناو ژیانێکی نوێ و ئاهەنگ گێڕان بۆ پێشوازیکردنێکی خۆشی لەو ژیانە، خزم و هاوڕی و دۆستەکانیان لە هۆڵێکدا کۆکردەوە.

بەڵام یاریی ئاگرین و کەمتەرخەمی لە بەڕێوەبردنی ئاهەنگەکەدا، بووە هۆی سوتانی تەواوی هۆڵەکە، نەبوونی دەرگای فریاگوزاریش ژمارەی قوربانییەکانی بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزکردەوە.

ریڤان بەر لە رۆژی ئاهەنگەکە دەچنە هۆڵەکە و خاوەنی هۆڵی ئاهەنگەکە ئاگادار دەکەنەوە کە ئەو یارییە ئاگرینانە رەنگە مەترسیدار بن، بەڵام خاوەنی هۆڵەکە پێیان دەڵێت، خەمتان نەبێت و هیچ گرفتێک دروست نابێت.

رووداوەکە بە جۆرێک بوو لە خۆشترین رۆژی ژیانیاندا چەندین کەسوکاریان لەدەستدا، بە جۆرێک دایکی حەنینی تازە بوک و باوکی ریڤان لە روداوەکەدا گیانیان لەدەستدا، جگە لە خوشک و برا و چەندین کەسی دیکەیان.

لەدوای ئەو رووداوەشەوە برینێکی هێندە گەورە لەسەر دڵی حەنین و ریڤاندا بوو، کە بڕیاریان دا بچنە دەرەوەی وڵات، ئەوان باسیان لەوەدەکرد، کە چیتر ناتوانن لە حەمدانیەدا بژین و هەر ساتێک مردنێکی نوێیە بۆ ئەوان.

لەدوای چوونیان بۆ دەرەوەی وڵاتیش تاوەکو ئێستا خۆیان لە چاوی کامێرا و میدیاکان بەدوور گرتووە و وەک کەسوکاریان باسی دەکەن، ئەوان پێویستیان بە چەندین مانگ بووە تاوەکو کەمێک باری ئەو خەمە لەسەر شانیان سوکتر ببێت، هەرچەندە لە دڵیان دەرناچێت، بەڵام لە کۆتاییدا قەدەری خودا بەو جۆرە بووە.

ئەوەش دەخەنە روو، ئەوان لەژێر چارەسەری دەروونیدان و پێویستیان بە پاڵپشتیی دەروونی هەیە تاوەکو بتوانن سەرلەنوێ بەشێوەیەکی ئاسایی دەست بە ژیانکردن و بەڕێوەبردنی کارەکانی رۆژانەیان بکەنەوە، هەر لەبەر ئەو هۆکارەش نایانەوێت لە سۆشیاڵ میدیا و میدیاکاندا دەرکەون.

هۆکارەکانی ئاگرەکە و قوربانییەکان

لەدوای رووداوەکە، نەجم جبوری پارێزگاری نەینەوا رایگەیاند، بە پێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان هۆکاری ئاگرەکە بۆ پێشێلکردنی رێساکانی سەلامەتی دەگەڕێتەوە کە هۆکاری سەرەکی بەکارهێنانی یاریە ئاگرینەکان بووە لە هۆڵی ئاهەنگەکەدا.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەرگری شارستانی عێراقیش ئاماژەی بەوەکردبوو، ئەو هۆڵەی ئاهەنگەکەی تێدا ئەنجامدراوە رێوشوێنی سەلامەتی و سیستەمی ئاگرکوژێنەوەی تێدا نەبووە و تەنها یەک دەرگای بچوکی هەبووە، کە سەختی دەرچوون لەو دەرگایەوە قوربانیەکی زۆری لێکەوتووەتەوە.

ئەوەشی خستبووەڕوو، ئاگرەکە بووەتە هۆی داڕمانی بەشەکانی هۆڵەکە چونکە ئەو کەرەستە بیناسازییانەی لەو هۆڵەدا بەکارهاتبوون بە خێرایی گڕ دەگرن و دەبنە هۆی رووخانی شوێنەکە، هاوکات، پێشتریش بەرگری شارستانی خاوەنی هۆڵەکەی لەو سەرپێچیانە ئاگادار کردبووەوە کە دەبێت لاببرێن، هەربۆیە خاوەنی هۆڵەکە دەستگیرکراوە.

لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوی حەمدانییە رایگەیاند، یارییە ئاگرینەکان و ئەو کەرەستانەی لە هۆڵی ئاهەنگەکەدا بەکارهاتوون هۆکار بوون بۆ کەوتنەوەی ئاگرەکە و خێرا بڵاوبوونەوەی. وتیشی، لە هۆڵەکەدا هیچ دەرگایەکی فریاگوزاری نەبووە تاوەکو قوربانییەکان بتوانن لەڕیگەیەوە بچنە دەرەوە و لە هۆڵەکەدا گیریان خواردووە بەو هۆیەشەوە ژمارەی قەربانییەکان زیادیان کردووە.

باسی لەوەش کردبوو، لە رازاندنەوەی هۆڵەکەدا قوماش بەکارهاتووە کە یارمەتیدەر بووە لە زیادکردنی خێرایی ئاگرەکە، هەروەها زەوی هۆڵەکەش بە ماددەی سووتێنەر رووپۆشکراوە.













گەلەری