سەردێڕ:

جارێكی دیكە هاوڵاتیان لە هەولێر دژی كەمئاوی گردبوونەوە

PM:01:20:26/09/2024

1220 جار خوێندراوەتەوە

جارێکی دیکە بەهۆی نەبوونی ئاوەوە دانیشتووانی گەڕەکی ژیانی هەولێر گردبوونەوە و باس لەوەدەکەن، ساڵانە گرفتی کەمئاوی لە گەڕەکەکەیان و ژمارەیەک گەڕەکی دیکەی هەولێر دروست دەبێت و تا ئێستا حکومەتی کاربەڕێکەر چارەسەرێکی ریشەیی بۆ ئەو گرفتە نەدۆزیوەتەوە.


هاوڵاتیانی ئەو گەڕەکە باس لەوەدەکەن، ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرمادا گرفتی کەمئاویان بۆ دروستدەبێت و ناچارن ئاو بکڕن.

ئاماژە بەوەشدەکەن، ئێستا بەهۆی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە وەڵامی خەڵک دەدەنەوە، بەڵام لەگەڵ تەواوبوونی هەڵبژاردن هاوشێوەی ساڵانی رابردوو وەڵامی هاوڵاتیان نادەنەوە و هیچ خزمەتگوزارییەکیان بۆ دابین ناکەن.

دەشڵێن، ماوەی پێنج ساڵە شەقامی سەرەکی گەڕەکەکەیان چاک نەکراوە و لە زستاندا ئاوی لێکۆدەبێتەوە.

دانیشتووانی ئەو گەڕەکە ئەوەشیان خستەڕوو، تەنها یەک کۆڵان لەو گەڕەکەدا ئاوی باشە، بەڵام ئەو قوتابخانەیەی لەو گەڕەکەدا هەیە دەیەوێت ئاوەکە بە بۆری رابکێشێت و راکێشەری ئاوی گەورەی بۆ دابنێت، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی هاوشێوەی گەڕەکەکانی تەنیشتیان گرفتیان بۆ دروست ببێت و ئاو بە تانکەر بکڕن.

باس لەوەش دەکەن، چەند جارێکە دەیانەوێت ئاوی گەڕەکەکە رابکێشن بۆ ئەو قوتابخانەیە، لەبری ئەوەی حکومەتی کاربەڕێکەر گرفتی نەبوونی ئاوی قوتابخانەکە چارەسەر بکات کە ناوەندێکی حکومییە، بەڵام ئامادەیە ئاوی دانیشتووانی گەڕەکێک ببڕێت.













گەلەری