PM:01:00:26/09/2024
1028 جار خوێندراوەتەوە
وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق رایگەیاند، بە رێککەوتن لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ، پلانی کشتوکاڵیان بۆ ساڵی ٢٠٢٥ بۆ ٢٠٢٦ پەسەند کردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق رایگەیاند، پاش لێکدانەوەی بڕی ئاوی پێویست و هەبوو لە ساڵی داهاتوودا، لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ پلانی کشتوکاڵی ساڵی داهاتوویان پەسەند کردووە کە دابینکردنی ئاو بۆ زیاتر لە شەش ملیۆن دۆنم زەوی کشتوکاڵی لەخۆ دەگرێت.
ئاماژەی بەوەش
کرد، دوو ملیۆن دۆنم زەوی کە بۆ چاندنی گەنم و جۆ و سەوزە بەکاردێت لە رێگای ئاوی
سەرزەوییەوە ئاو دەدرێت و سێ ملیۆن و ١٤١ هەزار و ٥٠٠ دۆنمیش لەرێگەی ئاوی ژێرزەوییەوە
ئاوی بۆ دابین دەکرێت.
باسی لەوەش
کردووە، لە پلانەکەدا جێگەی یەک ملیۆن و ١٠٠ هەزار دۆنم زەوی کراوەتەوە کە میوەی
تێدا بەرهەم دەهێنرێت و ئاوی بۆ دابین دەکرێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە،
عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین هەڕەشەی وشکبوون و گۆڕانی کەش و هەوای لەسەرە و
حکومەت هەوڵ دەدات لەرێگەی کشتوکاڵ و پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکان و دابینکردنی پێداویستییەکانی
جوتیارانەوە ئەو مەترسییە کەم بکاتەوە.