سەردێڕ:

بۆ چارەسەری مووچە؛ شاندەکەی عێراق داوای چی لە هەرێم کردووە؟

AM:11:01:26/09/2024

38916 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی دوێنێ شاندی لیژنەی دارایی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم کۆبوونەوە، داوایەکی جدییان لە بەرپرسانی حکومەتی کاربەڕێکەر کردووە وەک چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ گرفتی مووچە.


شەوی ٢٤ی مانگ شاندی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گەیشتە هەرێم و دوێنێش لەبارەی پرسی مووچە و داهات و خەرجییەکانەوە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم کۆبوونەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ئێن ئاڕ تی کەوتووە، ئەندامانی شاندەکە بە بەرپرسانی هەرێمیان وتووە، ئەگەر دەتانەوێت گرفتی مووچە بە یەکجاری چارەسەر بکرێت و ئەو هەموو هاتوچۆیەی نێوان هەرێم و عێراق نەمێنێت، ئەوا دەبێت پابەند بن بە رادەستکردنی ٥٠٪ی داهاتی نانەوتی بە عێراق.

شاندەکە ئەوەی خستووەتەڕوو، پابەندبوون بە رادەستکردنی داهاتی ناوخۆ مەرجی سەرەکییە و دواتریش دەبێت بەشێوەیەکی جددی پابەندبن بە سەرجەم رێککەوتنەکانی نێوانیان، بۆ دابینکردنی لیستێکی مووچەی بێگرفت و لیستی مووچەی خانەنشینی سەربازی و هێزە ئەمنییەکان کە دەبێت حکومەتی عێراق بڕیاری لێبدات.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ٢٧ی ٧ی ساڵی رابردوودا، هەرێم و بەغدا لەسەر پێنج خاڵ رێککەوتن و بەگوێرەی رێککەوتنەکە هەرێم سەرجەم داهاتی نەوتی و ٥٠٪ی داهاتی نا نەوتی رادەستی بەغدا دەکات، لە بەرامبەردا حکومەتی عێراقی ماف و شایستەداراییەکانی هەرێم دەنێرێت.

بەڵام لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا هەرێم پابەند نەبووە بە رادەستکردنی داهاتی نانەوتی و دوای نزیکەی ساڵێک لەو رێککەوتنەی لەگەڵ عێراق ئەنجامیدا، لە مانگی ئایاری رابردوودا، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق لە نووسراوێکدا باسی لەوە کرد، حکومەتی کاربەڕێکەر داهاتی نانەوتی رادەستناکات و سەرەڕای ئەوەش دەستکاری داهاتەکان دەکات.
هێرش قادر- هەولێر













گەلەری