سەردێڕ:

سودانی: رێگە نادەین خاکەکەمان بەکاربهێنرێت بۆ هێرشکردنەسەر وڵاتانی دیکە

AM:10:04:23/09/2024

1344 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، پشتگیری وەبەرهێنان لە هەمەجۆرکردنى ئابووری دەکەن و کار بۆ چالاککردنى کەرتى تایبەت دەکەن بۆ دابینکردنی هەلی کار، دەشڵێت، رێگە نادەن خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە بەکاربهێنرێت.


محەمەد شیاع سودانی لە وتارێکیدا لە لوتکەى داهاتوو لە پەراوێزى کۆبوونەوەکانى کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەکردووە، کاردەکەن بۆ بەرەوپێشبردنی چاکسازی ئابووری و باشترکردنی بارودۆخی ئەو توێژانەى پشتگوێ خراون.

ئەوەشى خستەروو، ستراتیژێکیان گرتووەتەبەر بۆ پێشخستنى ئاستى توێژە لاوازەکان لەڕووی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و بنیاتنانی تواناکانی سەرچاوە مرۆییەکان، ئەوەش لەرێگەی پەرەپێدانی پەروەردە و تەندروستی و گرنگیدان بە گەنجان و ژنان.

سودانى باسی لەوەشکردووە، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەسەر بنەمای رێزگرتن و بەرژەوەندی هاوبەش دەبێت و پابەند دەبن بە رێگەنەدان بەوەی خاکەکەیان بەکاربهێنرێت بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە.

ئەوە لەکاتێکدایە، سودانی دوو رۆژ لەمەوپێش بە سەرۆکایەتی شاندێکی فەرمی سەردانی ئەمریکای کرد بۆ بەشداریکردن لە ٧٩یەم کۆبوونەوەی کۆمەڵەى گشتى نەتەوە یەکگرتووەکان.













گەلەری