سەردێڕ:

عێراق پلانی هەیە بچێتە لیستی پێنج سەرەکیترین وڵاتی بەرهەمهێنی غاز

PM:05:32:22/09/2024

1192 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکارێکی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، حکومەتی عێراق کاردەکات بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی غاز و کەمکردنەوەی رێژەی سووتانی غاز. دەشڵێت، " دەمانەوێت عێراق بچێتە لیستی پێنج وڵاتی سەرەکی بەرهەمهێنەری غاز."


حسێن عەلاوی ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراق رایگەیاند، حکومەت کاردەکات بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی غاز بەڕێژەی ٦٩٪ بۆ ٧٥٪، بۆ ئەوەی عێراق لەنێو پێنج وڵاتی بەرهەمهێنەری غازدا بێت لە جیهاندا.

یەکشەممەی رابردوو، وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، چیتر غاز و نەوتی سپی هاوردەی عێراق ناکرێت و هەوڵەکانیان بەردەوامە بۆ ئەوەی بگەنە ئاستی خۆبژێوی لە بەرهەمی غاز تا کۆتایی ساڵی داهاتوو.

هاوکات، باسم محەمەد، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق لە میانەی وتارێکدا لە دووەمین کۆنفرانسی نەوت و غاز ئاماژەی بەوە کرد، وەزارەتەکەیان دەستکەوتێکی گەورەی بەدەستهێناوە لە بەرهەمهێنان لەو غازەی کە لە کێڵگەکاندا بەفیڕۆ دەچێت، بەجۆریک رێژەی بەرهەمهێنانیان لەو غازە بەفیڕۆچووە لە ٤٨٪ـەوە بۆ ٦٥٪ بەرز کردووەتەوە.

ئەوەشی خستە روو، بڕی ئەو غازەی لە عێراقدا رۆژانە بەرهەم دەهێندرێت، زیاترە لە سێ ملیار پێ سێجا، لەو بڕەش، نزیکەی دوو هەزار پێ سێجا لە غازی سرووشتی، وەبەرهێنانی تێدا دەکرێت.

باسی لەوەش کرد، ئامانجی سەرەکی حکومەتی عێراق لە ئێستادا گەیشتنە بە ئاستی خۆبژێویی، بەشێک لەو پڕۆژانەش کە ٢٩ پڕۆژەن و پەیوەستن بە وەبەرهێنان لە عێراقدا و لە کۆڕبەندی پێنجەم و شەشەمدا مۆڵەتیان پێ درا، لە ئێستادا دەستیان بە کارەکانیان کردووە.

پێشتریش ئاماژەی بەوە کردبوو، ١٤ پڕۆژەیان لە ئێستادا ئامادەن بچنە بواری جێبەجێکردنەوە و تەنها چاوەڕوانی رەزامەندی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقن.

ئەو هەوڵانەی حکومەتی عێراق لە کاتێکدایە، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە ئێستادا عێراق نەگەیشتووەتە قۆناغی ئابووریی نانەوتی بۆیە هێشتا پشت بە سەرچاوە کانزاییەکان دەبەستێت و ئەوەش وادەکات پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان گرنگییەکی تەواوی بۆ ئابووریی عێراق هەبێت. دەشڵێت، " ژێرخانی ئابووریی نانەوتیی عێراق گەشە بەخۆیەوە دەبینێت".













گەلەری