سەردێڕ:

سودانی گەیشتە ئەمریکا

PM:11:18:21/09/2024

2348 جار خوێندراوەتەوە

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەمەبەستی بەشداریکردن لە ٧٩یەم خولی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتە ئەمریکا.


بەپێی راگەیەنراوی نوسینگەی سودانی، بڕیارە سەرۆک وەزیران لە پێشکەشکردنی وتاری عێراقدا لەبەردەم سەرکردە و نوێنەرانی وڵاتە جیاوازەکان، باس لە زیادکردنی هاوکارییەکان و رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی بەردەم وڵاتەکە، هەروەها جەخت لە پابەندییەکانی وڵاتەکە بە چەند پرسێکی جیهانییەوە بکات.

هاوکات دوابەدوای کۆبوونەوەکە، بڕیارە سودانی لەگەڵ چەندین سەرکردە و سەرۆک وەزیرانی وڵاتاندا کۆببێتەوە و گفتوگۆ بکەن، لەناویشیاندا ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەرپرسانی چەندین رێکخراوی جیهانی و دەزگای نێودەوڵەتی و نەتەوەیی.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لەدوای سەردانەکەی ١٤ـی نیسانی ئەمساڵ کە لەسەر بانگهێشتی جۆو بایدنی سەرۆکی ئەمریکا بوو، ئەمە دەبێتە دووەم سەردانی سودانی بۆ ئەمریکا.













گەلەری