حکومەتی عێراق ئامادەکارییەکانی بۆ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن تەواوکردووە و سبەی یەکەم رۆژی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن دەبێت لە قوتابخانەکان.
کەریم سەید وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، سبەینێ ساڵی نوێی خوێندن بە بەشداری ١٢ ملیۆن قوتابی لە عێراق دەستپێدەکات.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئامادەکارییەکانیان بۆ ئەمساڵی خوێندن زۆر باشترن لە ساڵەکانی
پێشوو و چەندین گۆڕانکارییان ئەنجامداوە.
ئەوەشی خستەڕوو، هەوڵێکی زۆر دراوە بۆ ئەوەی ژمارەی قوتابخانەکان لە چوارچێوەی
پڕۆژەی هەزار قوتابخانە زیاد بکەن و زیاتر لە یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار قوتابی دەچنە
قۆناغی یەکەم لە قوتابخانەکان.
ئەمەش لەکاتێدایە، حکومەتی عێراق بەردەوامە لە دروستکردنی قوتابخانەکان و
باشترکردنی ژینگەی قوتابخانەکان بۆ قوتابیان.