سەردێڕ:

کاردانەوەى تەقینەوەى ئامێرەکانى پەیوەندییکردن لە لوبنان تادێت زیاتر دەبێت

PM:10:55:19/09/2024

2412 جار خوێندراوەتەوە

کاردانەوەى تەقینەوەى ئامێرەکانى پەیوەندى لە لوبنان تادێت زیاتر دەبێت و رۆژنامەى نیۆرک پۆستیش بڵاویکردەوە، جۆری ئەو ماددە هەستیارەی بۆ تەقاندنەوەی ئامێرەکانی پەیجەر و ئایکۆم بەکارهێنران، بریتیە لە پی ئی تی ئێن، هاوکات ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئاسایشی نیشتمانی عێراق بڕیاریداوە رێوشوێنی توندی خۆپارێزی لە دەروازە سنوورییەکان لەسەر کاڵا هاوردەکراوەکان بەتایبەت ئامێرە ئەلیکترۆنیەکان بگیرێتەبەر.


هێرشە ئەلکترۆنیە کوشندەکان بە تەقاندنەوەی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن لە لوبنان گومان و پرسیارەکانى لەسەر سیناریۆکانى پشت رووداوەکە زیاتر کردووە.

رۆژنامەى نیویۆرک پۆست بڵاویکردەوە، جۆری ئەو ماددە هەستیارەی بۆ تەقاندنەوەی ئامێرەکانی پەیجەر و ئایکۆم لە لوبنان بەکارهێنران، بریتیە لە PETN، کە ماددەیەکی بەهێزە و زۆر هەستیارە بە گەرمی و لەم ساڵانەی دواییدا بەکارهێنانی مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەتی دوای تۆمەتبارکردنی ژمارەیەک دەزگای هەواڵگریی لە جیهاندا وەک مۆساد بە بەکارهێنانی.

لەو چوارچێوەیەدا كۆمپانیای (لۆبك ئینتەرناشیۆناڵ) تایبەت بە ئاسایش دەڵێت، ئامێرەكانی پەیجەر کە بەر لە چوار مانگ هێنرابوونە لوبنان، لە قۆناغی بەرهەمهێناندا لەلایەن دەزگای مۆسادی ئیسڕائیلەوە دەستکاریکراون، کە لەڕێگەی ژمارەیەک بریکارییەوە چەند گرامێک لەو ماددە تەقێنەرەی لەو ئامێری پەیجەرانەدا داناوە کە حزبوڵڵای لوبنان لە کۆمپانیایەکی کڕیبوو.

پێشتریش رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)ـی ئەمریکی ئاماژەی بەوەکردبوو، حکومەتی واشنتۆن ئاگاداربووە کە ئیسرائیل ١٧ ـی ئەم مانگە ئۆپەراسیۆنێک دژی حزبوڵڵای لوبنان لەڕێگەی ئامێرەکانی پەیوەندی ئەنجام دەدات.

پەیجەر، ئامێرێكی بێتەلی شێوە مۆبایلە و ساڵی ١٩٦٠ لەلایەن کۆمپانیای مۆترۆلا دروستکراوە و ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو بەشێوەیەکی فراوان بەربڵاو بوو، کە دواتر لەگەڵ بەكارهێنانی مۆبایل بەكارهێنانی كەم بووەوە.

هەرچی ئامێری (ئایکۆم)ـی ژاپۆنیشە، ئامێرێکی قەبارە بچوکە و بۆ پەیوەندیی دەنگیی راستەوخۆ لەنێوان دوو کەس یان زیاتر بەکاردەهێنرێت.

بەڵام چەکدارانی حزبوڵڵا بە چڕی ئەو ئامێرانەی بەکاریاندەهێنا بۆ خۆدزینەوە لە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسڕائیل، هەروەها لە کەرتی تەندروستی لوبنانیش بەکاردەهێنرا.

ئەگەرچیش ئەو دوو ئامێرە لە عێراق بەکارناهێنرێن، بەڵام دوای رووداوەکانی لوبنان، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکیدا بڕیاریدا لە دەروازە سنورییەکان رێوشوێنی پێویست و خۆپارێزی بگرێتەبەر و پشکنینی ئەمنی بۆ سەرجەم کاڵا هاوردەکراوەکان بە تایبەتی ئامێرە ئەلکترۆنییەکان بکرێن.

لە دوای ئەو رووداوەشەوە پرسیاری ئەوە دەکرێت کە ئایا ئامێرەکانی مۆبایل بوون مەترسی لەسەر ژیانی مرۆڤەکان؟

لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا پسپۆڕانی بواری تەکنەلۆژیا جەخت دەکەنەوە، ئەوەی کە لە ئامێرەکانی پەیجەر و ئایکۆم روویاندا لە لوبنان کارێکی بە ئەنقەست بووە و کاریگەریی بۆ سەر ئامێرەکانی مۆبایل نیە لە جیهاندا ئەگەر تەقەمەنی تیایاندا نەچێندرێت.













گەلەری