سەردێڕ:

عێراق دوای روداوەکانی لوبنان چەند رێوشوێنێکی نوێ دەگرێتە بەر

PM:09:32:18/09/2024

2032 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئاسایشی نیشتمانی عێراق بڕیاریدا ڕێوشوێنی توندی خۆپارێزی لە دەروازە سنوورییەکان لەسەر کاڵا هاوردەکراوەکان بەتایبەت ئامێرە ئەلیکترۆنیەکان بگیرێتەبەر.


ئەمڕۆ چوارشەممە، دوای رووداوەکانی لوبنان و تەقینەوەی چەندان ئامێری ئەلیکترۆنی، یەحیا رەسول وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان رایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئاسایشی نیشتمانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان کۆبوونەوەیەکی لەبارەی نوێترین رووداوە ئەمنییەکانی ناوچەکە ئەنجامدا.

باسی لەوەش کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار دراوە، دەروازە سنوورییەکان ڕێوشوێنی پێویست و خۆپارێزی بگرنەبەر و پشکنینی ئەمنی بۆ سەرجەم کاڵا هاوردەکراوەکان بکەن.

ئەوەشی خستووەتە روو، لە بڕیارەکەدا جەخت لە پشکنینی ئامێرە ئەلیکترۆنەکان کراوەتەوە. دەشڵێت، هاوکارییەکانی عێراق بۆ لوبنان بەردەوام دەبێت.

دوێنێ، چەندان ئامێری پەیوەندی پەیجەر لە لوبنان تەقینەوە و وەزارەتی تەندروستی لوبنان رایگەیاند،هەشتکەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی سێ هەزار کەسیش بریندار بوون کە ٢٠٠ کەسیان برینەکانیان سەختە، ئەمڕۆش ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوی کردووتەوە، چەندان ئامێری بێتەلی پەیوەندی لە لوبنان تەقیونەتەوە. بەپێی زانیارییەکانیش ١٠٠ کەس برینداربوون و سێ کەس گیانیان لەدەستدا.













گەلەری