سەردێڕ:

سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق: بەم نزیکانە وادەی کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق رادەگەیەنین

PM:07:35:18/09/2024

1356 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق رایگەیاند، بەم نزیکانە وادەی کشانەوی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق رادەگەیەنرێت. سەرۆک وەزیرانی عێراقیش دەڵێت، "چیتر عێراق ئەو عێراقەی ٢٠١٤ نییە مەترسی لەسەر بێت، هیچ پاساوێکیش نەماوە تاوەکو هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بمێننەوە".


ئەمڕۆ چوارشەممە، عەبدولئەمیر یاروڵڵا، سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق بە میدیاکانی راگەیاند، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاگاداری کردوونەتەوە کە ئامادەکاریی بکرێت بۆ ئەوەی سوپا لە رێگەی سیستەمێکی پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانییەوە پارێزگاری لە ئاسمانی عێراق بکات، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان.

هاوکات، دوێنێ سێشەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، "راگەیاندنی کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق بەم زووانە دەبێت".

ئەوەشی خستە روو، چیتر عێراق ئەو عێراقەی ٢٠١٤ نییە، هیچ پاساوێکیش نەماوە تاوەکو هێزە هاوپەیمانەکان بمێننەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، گفتوگۆیەکی راشکاوانەیان لەگەڵ هاوپەیمانان دەست پێکردووە و لیژنەیەکی دووقۆڵییان پێکهێناوە، ئەوەش بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ کشانەوەی هێزەکانیان.

وتیشی، ئەوە بە مانای کۆتاییهاتنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا نایەت، پەیوەندییە دیبلۆماسی و سیاسییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەردەوامی دەبێت، لە ماوەی ئایندەدا عێراق لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی هاوپەیمانی دژی داعش بەشدار دەبێت.

ئەوە لەکاتێکدایە، لە ساڵی ٢٠١٤ دوای سەرهەڵدانی گروپی چەکداریی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام "داعش"، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا پێکهێنرا بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوە و نەهێشتنی ئەو گروپە.













گەلەری