توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات کە دەرمانی "Ubrogepant" دەتوانێت ئازارەکان بوەستێنێت تەنانەت پێش ئەوەی شەقیقە بە تەواوی دەست پێبکات.
بەپێی بۆچوونی پسپۆران ئەو دەرمانە لە ئیستادا بۆ چارەسەری شەقیقە بەکاردەهێنرێت، بەڵام توێژەرانی ئەمریکا ویستیان بزانن ئایا دەتوانێت پێشوەختە کاربکات.
توێژینەوەکە لەلایەن کۆمپانیای پەرەپێدەری دەرمانەوە، کۆمپانیای دەرمانسازی AbbVie ئامادەکراوە، باس لەوە دەکات کاتێک نیشانەکانی وەک هەستیاری بە ڕووناکی دەست پێدەکات بەڵام پێش ئەوەی ئازارەکە دەست بە خراپتربوون بکات دەتواندرێت ئەو دەرمانە وەک چارەسەرێک وەربگرێت و بخورێت بەڵام سەرەتا دەبێت راوێژ بە پزیشکەکەت بکەت و دڵنیایی وەربگریت کە هیچ هەستارییەکت نییە.
دەرمانەکە بە ڕێگریکردن لە پرۆتینێک کە ناوی CGRP کاردەکات، کە ڕۆڵێکی سەرەکی لە شەقیقەدا دەگێڕێت.
ڕیچارد لیپتۆن، پسپۆڕی دەمار لە کۆلێژی پزیشکی لە نیویۆرک دەڵێت، "بە پشتبەستن بە دۆزینەوەکانمان، چارەسەرکردن بە دەرمانی ubrogepant ڕەنگە ڕێگە بە تووشبووانی شەقیقە بدات کە پێش ئەوەی هێرشی شەقیقە ڕووبدات نیشانەکانی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەیان هەیە، بە خێرایی چارەسەری هێرشی شەقیقە بکەن لە قۆناغە سەرەتاییەکانیاندا و بەردەوام بن لە چارەسەرکردنیان".
لە توێژینەوەکەدا تاقیکردنەوە لەسەر زیاتر لە ٤٠٠ کەسی پێگەیشتوو کراوە کە هەموویان پێشینەی شەقیقەیان هەبووە، تیمەکە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی دابەشیان کردووە بۆ دوو گروپ یەکێکیان پێش ئازاری شەقیقە لە کاتی دەرکەوتنی نیشانە سەرەتاییەکانی نەخۆشییەکدا دەرمانی ubrogepant یان خواردووە.
پاشان داوا لە بەشداربووان کراوە کە دوای ٢٤ کاتژمێر هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە بکەن کە شەقیقەیان چەندە کاریگەری لەسەریان هەبووە، لەسەدا شەست و پێنجی گروپی ubrogepant ئاماژەیان بە ئەوە کردووە ئازارەکەیان کەمبووەتەوە یان نەماوە.
هەروەها پێدەچێت دەرمانەکە خێرا کاربکات تەنها دوو کاتژمێر دوای خواردنی، نەخۆشەکان بە شێوەیەکی بەرچاو باسیان لە کاریگەرییە ئەرێنییەکەیان دەکرد.
لیپتۆن ئەوەشی روونکردەوە، "باشترکردنی چاودێری لە یەکەم نیشانەکانی شەقیقە، تەنانەت پێش ئەوەی ئازاری سەرئێشە دەست پێبکات، دەتوانێت کلیلی باشترکردنی دەرەنجامەکان بێت، ئەمەش ئەوە پیشان دەدات کە ڕەنگە Uprogepant یارمەتی ئەو کەسانە بدات کە شەقیقەیان هەیە بە شێوەیەکی ئاسایی کاربکەن".
شایەنی باسە توێژەرەوان پشتیان بە وەڵامی بەشداربووان بەستووە نەک هەر پێوانەیەکی کلینیکی، هەروەها دەرمانی "ubrogepant"بۆ هەموو نەخۆشەکان وەک یەک نەبووە، هەندیک کەس هیچ کاریگەرییەکی لەسەر دروست نەکردووە، بەڵام ئەنجامی گشتی توێژینەوەکە ئەرێنی بووە و دڵخۆشکەر بووە بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی زیاتر و دۆزینەوەی چارەسەرێکی تەواوەتی.