PM:01:32:17/09/2024
1208 جار خوێندراوەتەوە
بەڕێوەبەری ئاشەکانی وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو عێراق دەست دەکات بە هەنگاوەکانی بۆ بەرهەمهێنانی ئاردی سفر لە ناوخۆی وڵاتدا.
ئەمڕۆ سێشەممە، حەیدەر نوری بەڕێوەبەری ئاشەکانی وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، گرێبەستیان لەگەڵ ئاشەکان و کۆمپانیای بەرهەمهێنانی دانەوێڵەدا کردووە بۆ بەرهەمهێنانی گەنمی گونجاو بۆ ئاردی سفر.
باسی لەوەش کردووە، پلانیان هەیە گەنم لە رووسیاوە هاوردە بکرێت تاوەکو تێکەڵی
گەنمی عێراقی بکرێت بۆ باشترکردنی کوالێتی ئاردە سفرەکە.
ئەوەشی خستە روو، کەشتییەکی رووسی بە ٤٠ هەزار تۆن گەنمەوە دەگاتە عێراق و
لە هەفتەی داهاتوودا دەست بە بەرهەمهێنانی ئاردی سفر دەکەن.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لە مانگی چواری ئەمساڵدا، ئەسیر داود وەزیری بازرگانیی
عێراق رایگەیاند، بەوپێیەی لەمساڵدا بەرهەمهێنانی گەنم لە ناوخۆی عێراقدا ئاستی خۆبژێوی
تێپەڕاندووە، دەست دەکەن بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی بەرهەمهێنانی ئاردی سفر بە کوالێتییەکی
بەرز و بە نرخێکی پاڵپشتیکراو بۆ هاوڵاتیان.
وتیشی، جێبەجێکردنی پڕۆژەکە یارمەتیدەر دەبێت لە زیادکردنی بەرهەمی نیشتیمانی،
بەرەوپێشبردنی کەرتی تایبەت و پیشەسازی ناوخۆیی وڵات، رەخساندنی هەلی کار و کەمکردنەوەی
نرخی خۆراک لە بازاڕەکاندا.