سەردێڕ:

کەی بەغدا پارە بۆ مووچەی مانگی هەشت دەنێرێت؟

PM:05:41:16/09/2024

61120 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ناردنی پارە بۆ مووچەی مانگی هەشت دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو. دەشڵێت، "مووچەی هەرێم زامنکراوە".


ئەمڕۆ دووشەممە، عەتوان عەتوانی سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێدا بۆ ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هەفتەیە ناردنی پارە بۆ مووچەی مانگی هەشت ئەستەمە و دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو.

باسی لەوەش کرد، عێراق پلانی هەیە بەشی زۆری مووچەی مووچەخۆران لە داهاتی ناوخۆ دابەشبکرێت و هەر کەمییەکیش هەبێت لە داهاتی نەوت تەواوبکرێت چونکە داهاتی نانەوتی زامنکراوە.

لەبارەی سەردانەکەی لیژنەکەش بۆ هەرێم عەتوان عەتوانی ئەوەی خستە روو، ئەم سەردانەی لیژنەی دارایی سەردانێکی هونەرییە بۆ پێداچوونەوەی رێککەوتنەکانی رابردووی نێوان هەرێم و بەغدایە و لیژنەی دارایی رۆڵی گرنگی هەبووە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێم و عێراق لەبارەی بەبانکیکردنی مووچە و داهاتی ناوچە سنوورییەکان و باج.

راشیگەیاند، کاری لەپێشینەی لیژنەی دارایی زامنکردنی مووچەی مووچەخۆرانە و دەیانەوێت بەشێکی زۆری مووچە لە داهاتی نانەوتی و ناوخۆ بدەن و تەنها ئەگەر کەمی هەبوو لە داهاتی نەوتی پڕی بکەنەوە تاوەکو مووچە کاریگەر نەبێت بە داهاتی نەوت.

لەبارەی هاوتاکردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیشەوە باسی لەوە کرد، لە کۆبوونەوەی پێشووی حکومەتی کاربەڕێکەر و بەغدا باس لەو پرسە کراوە و لە ئێستادا لە دەستی هەرێمدایە و دەبێت پابەند بێت بە مەرجەکانی بەغدا و لیژنەی داراییش لەم کۆبوونەوەیەدا باسی ئەو پرسە و رێگرییەکانی بەردەمی دەکەن.

دوێنێ یەکشەممە، بەرپرسێکى حکومەتى کاربەڕێکەر رایگەیاند، رەنگە هەفتەى داهاتوو شاندێکی حکومەت بچێتە بەغدا و لیستی مووچە لەگەڵ خۆیان ببەن بەوەش هەرێم دووبارە ناردنی لیستی مووچەی بۆ بەغدا دواخست.

هاوکات، سەڵاح بوشی، راوێژکاری دارایی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، حکومەتی عێراق هەموو ئامادەییەکی بۆ چارەسەری کێشەی مووچەی هەرێم دەربڕیوە، چارەسەری کێشەکەش، لە ئێستادا لای هەرێمە.

نزیکەی هەفتەیەک لەمەوبەر، حکومەتی کاربەڕێکەر رایگەیاند بڕیاریان داوەلە نزیکترین دەرفەت لە هەفتەی داهاتوودا کە دەکاتە ئەم هەفتەیە،لیستی نوێی راستکراوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و ژمارەی وەزیفیان رەوانەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بکرێت و لە بەرامبەردا حکومەتی فیدڕاڵ تەواوکاریی مووچەی مانگەکانی پێشوو بنێرێت کە خەرجکردنی راگیرابوو، بۆ ئەوەی مووچەی مانگی هەشت لە هەرێم دابەش بکرێت و ئامادەکاریی پێویستیش بۆ مووچەی مانگی ٩ هاوتای مووچەی ناوچەکانی دیکەی عێراق بکرێت.













گەلەری