سەردێڕ:

هۆکاری هاوتانەکردنی مووچەی خانەنشینانی سەربازی چییە؟

PM:12:44:16/09/2024

2248 جار خوێندراوەتەوە

ماوەی ١٠ ساڵە نەبوونی دەستەی خانەنشینان و بەتایبەتیش دروستنەکردنی دەستەی خانەنشینانی سەربازی، هەروەها نەگەڕانەوەی داتا و زانیارییەکانیان بووەتە گرفت لەبەردەم هاوتاکردنی مووچەکانیان بە عێراق، لە ئێستاشدا سێ هەزار خانەنشینی پلە باڵا گرفتی سەرەکین لەبەردەم ئەو هاوتاکردنەدا.


دوای ئەوەی حكومەتی کاربەڕێکەر لەژێر فشارەکاندا رەزامەندی دا بە جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی و هەمواركردنەوەی مووچەی خانەنشینانی هەرێم 'بەپێی بەپێی یاسای خانەنشینیی یەكگرتووی ژمارە ٩ـی عێراقی ساڵی ٢٠١٤ـی هەمواركراو'، بەڵام بەهۆی هەبوونی زانیاری هەڵە و ناوی دووبارە و دوو مووچە لە هێزە سەربازییەکاندا، هاوتاکردنی مووچەکانیان راگیراوە.

مووچەی خانەنشینانی سەربازی هەرێم تاوەکو ئێستا بە یاسای ساڵی ٢٠٠٦ و چەند یاسایەکی دیکەی خانەنشینی کار دەکات کە بەشێک لە خانەنشینان مووچەکانیان کەمترە لە ٥٠٠ هەزار دینار، یاخود هەندێکیان نەخراونەتە خانەنشینییەوە و وەک ئەوە وایە دەوام بکەن.

لەلایەکی دیکەوە لە ساڵی ٢٠١٤دا یاسای یەکگرتووی خانەنشینی لە عێراق پەسەندکرا، بەڵام لەو کاتەوە کابینەی هەشت و نۆی حکومەتی هەرێم ئامادە نەبوون دەستەی خانەنشینانی سەربازی تایبەت بە هێزە ئەمنییەکان و لەناویاندا پێشمەرگە دروستبکەن، ئەوەش وایکرد کە خانەنشینان مووچەکانیان لەسەر میلاکی هێزەکانیان وەربگرن نەوەک خانەنشینی وەزارەت.

سیستمی چاکسازی و هێزە سەربازییەکانی هەرێم؛

بەرپرسێکی باڵای حکومەتی کاربەڕێکەر کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت لەو بارەیەوە بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دوای ئەوەی شاندی وزاری بەغدا سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد، داوای لە وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر و وەزارەتی پێشمەرگە کرد کە سیستمی چاکسازی پەیڕەو بکەن، ئەگەر نا مووچەکانیان هاوتا ناکرێت.

ئەو چاوگە باسی لەوەش کرد، بەگوێرەی سیستمی چاکسازی، تا ئێستا تەنها ناوی حەوت هەزار خانەنشینی ئەو هێزە بۆ هاوتاکردن رەوانەی بەغدا کراوە و لە ئێستاشدا پێویستە حوکمەتی کاربەڕێکەر هەڵبستێت بە گواستنەوەی مووچەی خانەنشینانی هێزە سەربازییەکان لەسەر میلاکی هێزەکە بۆ دەستەی خانەنشینانی پێشمەرگە و پاشان بگوازرێتەوە بۆسەر بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینانی وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر و دووبارە لیستی مووچەکانیان وەک لیستی مووچەی خانەنشینان بنووسرێتەوە و تۆمار بکرێت.

"پلە باڵاکان"

ئەو بەرپرسە ئەوەی خستەڕوو، هاوتاکردنی مووچەی هێزە سەربازییەکان ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، تاوەکو مووچەی ئەو سێ هەزار پلە باڵایە چارەسەر نەکرێت. وتیشی، "بەرپرسانی حکومەت لە هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ ماوەی ١٠ ساڵە ئامادە نەبوون دەستەی خانەنشینان دروستبکەن، ئەوەش وایکردووە ئەو پلە باڵایانە ببنە هۆکاری گرفت لەبەردەم هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان لە ئێستاشدا هەوڵەکان بۆ هەر هاوتاکردنێک گرفتەکان زیاتر دەکات و تاکە چارەسەر تەنها دروستکردنی دەستەی خانەنشینانە بۆ هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ ".

هێزە سەربازییەکان لە لسیتی مووچەی مانگی ئابدا؛

بەگوێرەی زانیارییەکانی دەست دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی کەوتووە، هێزە سەربازییەکان بۆ مووچەی مانگی هەشت بەبێ هاوتاکردن مووچەکانیان رەوانە دەکرێت چونکە تا ئێستا کێشەکانیان چارەسەر نەکراوە و وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر و بەرپرسانی باڵا لە دەسەڵاتدا ئەو تویژەیان پشتگوێ خستووە و تا ئێستاش هەنگاوەکانیان بۆ دروستکردنی دەستەی خانەنشینان دەستی پێنەکردووە.













گەلەری