سەردێڕ:

راوێژکارێکی پەرلەمانی عێراق: عێراق هەموو ئامادەییەکی بۆ چارەسەری کێشەی مووچەی هەرێم دەربڕیوە

PM:01:46:15/09/2024

1428 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکارێکی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، حکومەتی عێراق سوورە لەسەر ئەوەی دۆسیە هەڵواسراوە داراییەکانی لەگەڵ هەرێم چارەسەر بکات بە ئامانجی ئەوەی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەتەواوی چارەسەر ببێت.


ئەمڕۆ یەکشەممە، سەڵاح بوشی، راوێژکاری سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، حکومەتی عێراق هەموو ئامادەییەکی نیشان داوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بەغدا و هەولێر لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، کێشەی نێوان بەغدا و هەرێم تەنها مووچە نییە بەڵکو چەند پرسێکی دیکەش دەگرێتەوە لەوانەش داهاتی دەروازە سنوورییەکان و هەماهەنگی لە سیاسەتی باج و گومرگ.

باسی لەوەش کرد، لە ئێستادا چارەسەری کێشەی مووچە بەدەست هەرێمە، چەندە هەرێم روونتر و شەفافتر بێت لە پێدانی زانیارییەکانی پەیوەست بە لیستی مووچە بە بەغدا، ئەوەندە زووتر کێشەی مووچە چارەسەر دەبێت.

ئەوەشی خستە روو، پارەی مووچە بەتەواوی لەبەردەستدایە، ئەوەی ماوە رێکارە هونەرییەکانە کە پێویستە هەرێم بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق جێبەجێی بکات تاوەکو لە وادەی خۆیدا پارەی مووچە بۆ هەرێم بنێردرێت.

هەفتەی رابردوو ئەنجومەنی وزاری عێراق تایبەت بە پرسەکانی مووچە، بودجە، داهاتی نەوتی و نانەوتی، خەرجی و باج سەردانی هەرێمی کرد و لەگەڵ ئەنجوومەنی ئابووری هەرێم کۆبوونەوە، بەڵام دوای کۆبوونەوەکە هیچ رێککەوتنێکیان رانەگەیاند.

دوێنێش، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، هەفتەی داهاتوو بەمەبەستی چاودێریکردنی سەرجەم ئەو خاڵانەی لەنێوان هەرێم و بەغدادا گفتوگۆی لەسەرکراوە، سەردانی هەولێر دەکەنەوە.













گەلەری