سەردێڕ:

ئەندامێکی لیژنەی کشتوکاڵ: لە ئێستادا ٢٢ ملیۆن دارخورما لە عێراقدا هەیە

PM:01:46:14/09/2024

1108 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە چوار دەیەی رابردوودا بەهۆی وشکەساڵی و شەڕەوە ژمارەی دارخورما لە عێراق دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام بە گشتی بەرهەمی خورما روو لە زیادبوونە.


سائر جبوری ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ئێستادا عێراق خاوەنی ٢٢ ملیۆن دارخورمایە، کە ژمارەیەکی باشی خورما بەرهەمدێت و هەناردەی وڵاتانی دیکەش دەکرێت.

باسی لەوەش کردووە، بە گشتی لە ٢٢ ناوچەی رۆژهەڵات و ناوەڕاست و باشووری عێراق بەرهەمی خورما روو لە زیادبوونە.

پێشتریش، رەعد تەمیمی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە رایگەیاندبوو، بەهۆی وەبەرهێنان لە بەرهەمی خورمادا لەڕێگەی نەمام و شەتڵەوە، لەئێستادا دەستیان بە بەرهەمهێنانی ١٧ جۆر خورمای دەگمەن کردووە.

لە ساڵی ٢٠١٥دا تەنها ١٥ ملیۆن دارخورما لە عێراق هەبووە و لەو ماوەیەدا توانراوە رێژەی چاندنی دارخورما و بەرهەمی خورما بەشێوەیەکی گونجاو زیاد بکرێت، سەرەڕای ئەوەی عێراق جگە لە بەرهەمەکەی چاندنی دارخورما بۆ رێگریکردن لە بیابانبوونیش بەکاردەهێنێت.













گەلەری