بەپێی دوایین راپۆرتی کەشناسی، عێراق لەماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا لە ریزبەندی تۆمارکردنی بەرزترین پلەی گەرمی لە جیهاندا دابەزیوە و پلەکانی گەرما روویان لە دابەزین کردووە.
بەپێی دوایین راپۆرتی کەشناسی جیهانی، چەند ناوچەیەکی وڵاتانی عەرەبی ریزبەندی پێشەوەیان گرتووە و بەسڕە لە پلەی یەکەمدا نەماوە.
راپۆرتەکە بەرزترین پلەی
گەرمای ٢٤ کاتژمێری رابردووی لە جیهاندا خستووەتەڕوو و تیایدا فڕۆکەخانەی بەسڕە لە
پلەی نۆیەمدا بووە و بەرزترین پلەی گەرما تیایدا ٤٤ پلەی سیلیزی بووە.
دووەم شوێنی عێراقیش بەندەری
فاو بووە بە ٤٣.٨ پلەی سیلیزی لە ١٣یەمی ریزبەندییەکەدا بووە.
لە پلەی یەکەمی
ریزبەندییەکەدا ناوچەی ینبعی سعودیە بووە بە ٤٦ پلەی سیلیزی و کۆتا ناوچەش کە
١٥یەم پلەی ریزبەندییەکەیە بەهەمان شێوەی لە سعودیە بووە بە ٤٣.٤ پلەی سیلیزی.
ئەوەش لەکاتێکدایە، ساڵانە
لە وەرزی هاویندا چەند ناوچەیەکی عێراق بەرزترین پلەی گەرما لە جیهاندا تۆمار
دەکەن و کەشناسی و تەندروستیش هۆشداری لەبارەی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و
خۆپارێزییەوە دەدەن.