سەردێڕ:

سێنتکۆم: لە هێرشێکی هاوبەشدا لەگەڵ سوپای عێراق ١٤ ئەندامی گروپە چەکدارەکان کوژران

AM:09:18:14/09/2024

1332 جار خوێندراوەتەوە

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ناسراو بە 'سێنتکۆم' رایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ سوپای عێراق هێرشێکیان بۆ سەر چەکدارانی داعش ئەنجامداوە و ١٤ ئەندامی ئەو گروپە لە هێرشەکەدا کوژراون.


هێرشەکە لە ٢٩ی ئابی رابردوودا ئەنجامدراوە و ئەنجامەکانی ئێستا راگەیەنراوە، سینتكۆم ئاماژەی بەوەش کردووە، لەناو ئەو چەکدارانەى لە ئۆپراسیۆنەکەدا کوژراون چوار کەسیان بەرپرسی سەرجەم كردەوەكان و ئۆپراسیۆنەکانی داعش لە عێراق و خۆرئاوای عێراق بوون.

لەو بارەیەوە مایكل كۆریلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا باسی لەوە کردووە، پابەندن بە لەناوبردنی هەمیشەیی داعش، چونکە هەڕەشەن بۆسەر ئەمریکا و هاوپەیمانان و سەقامگیری ناوچەکە.

گروپی چەکداری داعش، لە کۆتاییەکانی ٢٠١٣دا سەریهەڵدا و لە ساڵی ٢٠١٤شدا، توانی بەشێکی زۆر لە خاکی هەردوو وڵاتی عێراق و سوریا داگیربکات، لە ساڵی ٢٠١٧شدا، حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراق کۆتاییهاتنی ئەو گروپەی لە خاکی عێراقدا راگەیاند.

ساڵى ٢٠١٩ش بە کۆنتڕۆڵکردنی باغۆز لە سوریا بە فەرمى کۆتاییهاتنى داعش راگەیەنرا، بەڵام پاشماوەى چەکدارانى ئەو گروپە ناو بە ناو لە عێراق و سوریا سەرهەڵدەدەنەوە و هێرش دەکەنە سەر هێزە ئەمنییەکان و هاوڵاتیانی مەدەنی.













گەلەری