سەردێڕ:

بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی عێراق لە کارەکەی دوورخرایەوە

PM:11:19:13/09/2024

2976 جار خوێندراوەتەوە

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەهۆی کەمتەرخەمی لە جێبەجێکردنی ئەرکەکەیدا؛ بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی عێراق لە کارەکەی دوورخرایەوە.


نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لە چەند رۆژی رابردوودا چەند گرفتێک لە گەشتەکانی هێڵی ئاسمانی عێراقیدا روویدا، بە فەرمانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش لیژنەیەک بۆ بەدواداچوون و ئاشکراکردنی هۆکارەکان پێکهێنرا.

ئەوەشی خستە روو، پاش ئەوەی لیژنەکە کارەکانیان تەواو کرد بۆیان دەرکەوت هۆکاری گرفتەکان کەمتەرخەمی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی عێراقی بووە، هەربۆیە راسپاردەیەکیان ئاڕاستەی وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی عێراق کرد و داوای دوورخستنەوەی بەڕێوەبەرەکەیان کرد، وەزیریش داواکەی پەسەند کرد.

باسی لەوەش کرد، بەپێی رێنماییەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەرجەم دامەزراوەکانی وڵات بەردەوام دەبن لە پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە هاوڵاتیان و کەمتەرخەمی نەکردن لەو بوارانەی کە کاریگەری لەسەر پێداویستییە گشتییەکانی گەلی عێراق دەبێت.

لای خۆشییەوە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردەوە، چاوپۆشی لە هیچ کەمتەرخەمییەک ناکەن کە رەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر ناوبانگی دامەزراوەکانی دەوڵەت هەبێت، بەردەوامیش دەبن لە بەرەوپێشبردنی کارەکانیان لەبوارە جیاوازەکاندا.


 













گەلەری