سەردێڕ:

بانکی رەشید: بەردەوامین لە فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران بە نرخی فەرمی

PM:04:27:13/09/2024

4392 جار خوێندراوەتەوە

بانکی رەشید رایگەیاند، لەڕێگەی لقەکانیانەوە بەردەوامن لە فرۆشتنی دۆلار بە نرخی فەرمی بە گەشتیاران لە فڕۆکەخانەکاندا. دەشڵێت، " وادەی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ وەرگرتنی دۆلار گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە".


ئەمڕۆ هەینی، بانکی رەشید لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، پڕۆسەی فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران لەڕێگەی لقەکانیانەوە لە فڕۆکەخانەکاندا بەردەوامە.

باسی لەوەش کردووە، لە ئێستادا هاوڵاتیان یەک رۆژ پێش وادەی گەشتکردنیان دەتوانن سەردانی لقەکانی بانکەکە بکەن لە فڕۆکەخانەکاندا و داواکاری بۆ وەرگرتنی دۆلار بە نرخی فەرمی پێشکەش بکەن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر هاوڵاتیان دەبوایە سێ رۆژ پێش وادەی گەشتەکەیان سەردانی لقەکانی بانکی رەشید بکەن بۆ پێشکەشکردنی داواکاری بۆ وەرگرتنی دۆلار بە نرخی فەرمی، بەڵام ئێستا یەک رۆژ پێش وادەکە دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن. 

لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، گەشتیارانی ناوخۆ و دەرەوەی عێراق دەتوانن لە رۆژی ١٤ـی تەمموزی ئەمساڵەوە لەرێگای نوسینگەکان و بانکەکانی پەیوەست بە مامەڵەدارییەکان لە فڕۆکەخانەکانی عێراق و هەرێم دۆلار بە نرخی فەرمی وەربگرن.

لەو بارەیەشەوە، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بانکی ناوەندی بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەم رێکارەی بانکی ناوەندی لەبارەی پێدانی دۆلار لە فڕۆکەخانەکاندا، بۆ کەمکردنەوە و رێگە گرتنە لەوەی کە بەناوی گەشتکردنەوە دۆلار وەربگیرێت، بۆیە راستەوخۆ دراوەتە فڕۆکەخانەکان تا دڵنیابن لەوەی ئەو هاوڵاتییە گەشتەکەی دەکات.

باسی لەوەش کرد، گەشتیارانی عێراق و هەرێم سەرپشکن لە هەڵبژاردنی هەر بانکێک کە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە رێگەی پێدراوە بۆ فرۆشتنەوەی دۆلاری کاش بە گەشتیاران.

چۆن گەشتیاران دۆلار وەردەگرن؟

هەر گەشیارێک کە داواکاری پێشکەش کردووە بە نوسینگەکان و بانکەکان، لەکاتی سەردانیکردنی فڕۆکەخانە و بەر لەوەی گەشت بکات سەردانی سەکۆکان دەکات و بەو پسوڵەیەی وەریگرتووە بڕی پارەکەی پێدەدرێت بەمەرجێک کە لە سێ هەزار دۆلار زیاتر نەبێت.














گەلەری