سەردێڕ:

بانکی ناوەندی فرۆشی رۆژانەی دۆلاری زیاترە لە ٢٥٠ ملیۆن دۆلار

PM:03:38:12/09/2024

888 جار خوێندراوەتەوە

ماوەی هەفتەیە بانکی ناوەندی بەردەوامە لە بەرزکردنەوەی ئاستی فرۆش بۆ زیاتر لە ٢٥٠ ملیۆن دۆلار و لەو رێژەیەش، ٥٪ بۆ ٨٪ـی بە شێوەی کاشە، بەهۆی فراوانبوون و زیادبوونی جوڵەی بازرگانیی عێراقیش، ئاستی فرۆشی حەواڵە لە بەرزترین ئاستی مانگانەی خۆیدا ماوەتەوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، بانکی ناوەندی لە رێگەی پێگەی تایبەت بە فرۆشی دراوی بیانی بڵاوی کردەوە، لە لایەن گەشتیاران و بازرگانان و بانکە رێگەپێدراوەکانەوە، بڕی ٢٥٧ ملیۆن و ٣٤٥ هەزار و ١١٠ دۆلار بە نرخی فەرمی فرۆشراوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، لەو رێژەیە، بڕی ١٢ ملیۆن و ٧٥٠ هەزار دۆلاری بە شێوەی کاش بووە و بڕی ٢٤٤ ملیۆن و ٥٩٥ هەزار و ١١٠ دۆلاری بە شێوەی حەواڵە بووە، لەو رێژەیە ٦٠٪ بۆ مامەڵە داراییەکانی دەرەوەی عێراق بەکار هاتووە، بەراورد بە دوێنێ چوارشەممەش بڕی ٣٪ کەمتر خراوەتە بازاڕەکانەوە.

هاوکات، لەگەڵ چالاکبوونی سیستمی هەناردە و هاوردەکردن، بانکی ناوەندی ئاستی فرۆشی هەفتانەی لە ٨٨٪ـەوە بۆ ٩٤٪ بەرز کردووەتەوە کە ئەوەش بەرامبەرە بە ٤٠٠ ملیۆن دۆلاری مانگانە.

دوێنێ چوارشەممە، بانکەکە بڕی ٢٦٢ ملیۆن و ٩٤٣ هەزار و ٢٠٨ دۆلاری فرۆشتووە و لەو رێژەیەش بڕی ١٦ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار دۆلار بە نرخی فەرمی فرۆشراوە، لە بەرامبەریشدا بڕی ٢٤٦ ملیۆن و ٥٤٣ هەزار و ٢٠٨ دۆلار بە شێوەی حەواڵەی دەرەکی فرۆشراوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئاستی فرۆشی دۆلار بە شێوەی کاش و حەواڵە لەگەڵ دەستپێکی سیستمی چاکسازی بانکی و دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکانی بانکی ناوەندی و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە ئەبوزەبی، بەڕیژەی ٢٥٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.













گەلەری