سەردێڕ:

دوای زیاتر لە ٧٠ رۆژ؛ مووچەی بەشێک لە خانەنشینانی سەربازی خەرج دەکرێت

PM:10:01:11/09/2024

4680 جار خوێندراوەتەوە

دوای زیاتر لە ٧٠ رۆژ وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر رایگەیاند، مووچەی خانەنشینانی سەربازی سەر بە هێزەکانی ٧٠ خەرج دەکەن.


دوای زیاتر لە ٧٠ رۆژ لە دواکەوتن و دەستی و دەستی کردن بە خانەنشینانی هێزەکانی ٧٠ وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، مووچەکانیان بۆ خەرج دەکرێت.

باسی لەوەش کردووە، بۆ مانگەکانی داهاتوو هەر کێشەیەک بۆ مووچەکانیان دروست ببێت کە لە گەنجینەی دووی سلێمانی مووچەیان بۆ خەرج دەکرێت.

 

ئاماژەی بەوەش کردووە، " دواکەوتنی مووچەی ئەو توێژە لە ئەستۆی بەرپرسانی ئێستا و ڕابردووی هێزەکانی ٧٠یە کە زیاتر لە ١٠ ساڵە هەماهەنگییان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە نەکردووە بۆ ئەوەی کێشەکانیان چارەسەر بکرێت."

ئەمەش دوای رووماڵەکەی ئێن ئاڕ تی دێت کە تایبەت بوو بە مووچەی خانەنشینانی سەربازی و بە دیاریکراوی هێزەکانی ٧٠، ئەمڕۆ بڕیاری خەرجکردنی مووچەکانیان درا.

مووچەی ئەو خانەنشینانە سەرەڕای ئەوەی نێردراوەتە بانکەکان بەڵام بڕیاری پێدانیان وەستێنراوە و زیاتر لە هەفتەیەکیشە هەموو رۆژ خانەنشینان دەچوونە بەردەم بانکەکان، بەڵام پێیان دەوترا پارە نییە و دەیان ناردنەوە.

ئەمڕۆش دوای هەفتەیەک رووماڵی بەردەوامی ئێن ئاڕ تی لەسەر پێنەدانی مووچەکانیان، بەو خانەنشینانە وتراوە دەتوانن سبەی مووچەکانیان وەربگرن.

ئەو خانەنشینانە ئەمڕۆ لە رووماڵی ئێن ئاڕ تیدا باسیان لەوەکرد، هەریەک لەوان هەفتەیەکە هاتوچۆ دەکات بۆ وەرگرتنی مووچەکەی بەڵام بە دەستی بەتاڵ دەیاننێرنەوە.

ئەوەشیان خستەڕوو، ژمارەیان ١٠ هەزار خانەنشینە و هەریەک لەوان خاوەنی خێزان و منداڵ و کەسوکارن و دەتوانن لە رۆژی دەنگداندا هەڵوێستیان هەبێت.

دوای دوو مانگ لە دواکەوتن و پێنەدانی مووچەکانیان هەفتەی رابردوو وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر رایگەیاند، لە رۆژی ٣ی ٩ی، سێشەممەوە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ٧ی مووچەخۆران دەکەن.


 













گەلەری