سەردێڕ:

پارەدان بەشێوەى ئەلیکترۆنی لە عێراق بۆ سەروو ١٨ ترلیۆن دینار بەرزبووەتەوە

AM:10:45:09/09/2024

1040 جار خوێندراوەتەوە

لە ماوەى چوار ساڵى رابردوودا پارەدان بەشێوەى ئەلیکترۆنی لە عێراق بۆ زیاتر لە ١٨ ترلیۆن دینار بەرزبووەتەوە.


مستەفا ئەکرەم حەنتووش توێژەری کاروباری دارایی و بانکی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقیی ڕاگەیاندووە، "پارەدانی ئەلیکترۆنی دەستکەوتی زۆر گەورەی بەدەستهێناوە، هەروەها ئەزموونێکی زۆر سەرکەوتووە لە ڕووی دارایی و بانکی و سوودی بۆ هەموو لایەنەکان هەیە".

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆی پارەدانی ئەلیکترۆنی تا ساڵی ٢٠٢٠ لە ٣٠٠ ملیار دینار تێنەپەڕیوە، بەڵام ئێستا گەیشتووەتە زیاتر لە ١٨ ترلیۆن دینار و ژمارەى کارتى ئەلیکترۆنیش لەو ماوەیەدا لە ١٠ ملیۆنەوە بۆ ٢٠ ملیۆن بەرزبووەتەوە، کە ئەمەش بازدانێکی گەورەیە.

وتیشى، پارەدانی ئەلیکترۆنی بە هەموو پێوەرەکان بابەتێکی سەرکەوتووە و ئەو وڵاتانەی جێبەجێی دەکەن شاهیدی گەشەسەندنن لە سیستەمی دارایی و بانکیدا، چونکە مامەڵەکردن بە پارەی کاش مەترسیدارە، بەو پێیەی دەتوانرێت پارە بدزرێت یان بسوتێنرێت کاتێک دەگوازرێتەوە یان هەڵدەگیرێت، یان زیانى پێبکەوێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە مانگی شەشی ساڵی رابردووەوە ئامێرەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی لە بەنزینخانەکانی عێراق و فەرمانگە حکومییەکان و فرۆشگە و بنکە تەندروستییەکان و چەندین ناوەندی حکومی و ناحکومی دانراون و هاوڵاتیان کار بە سیستمی پارەدانە ئەلیکترۆنییەکە دەکەن.













گەلەری