PM:09:41:08/09/2024
1088 جار خوێندراوەتەوە
سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی تەمەنی حکومەتی ئێستادا ٩٦١ هەزار خێزانی نوێ لە تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی تۆمار کراون، زیاتر لە یەک ملیۆن خوێندکار هاوکاری داراییان پێ دەدرێت، زیاتر لە ٣٧٢ هەزار کەسی بێکاریش مووچەیان بۆ دابین کراوە،
ئەمڕۆ یەکشەممە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، کارە لەپێشینەییەکانی حکومەتی عێراق ئەنجامدانی خزمەتگوزاری و رووبەڕووبوونەوەی بێکاری و هەژاری و جێبەجێکردنی چاکسازای ئابووری و دارایی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیە.
ئاماژەی بەوەش کرد، ٩٦١ هەزار خێزانی نوێ لە
تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی تۆمار کراون و زیاتر لە یەک ملیۆن خوێندکار هاوکاری داراییان
پێ دەدرێت و زیاتر لە ٣٧٢ هەزار کەسی بێکاریش مووچەیان بۆ دابین کراوە.
باسی لەوەش کرد، بەرهەمهێنانی کارەبا گەشتووەتە
٢٧ هەزار مێگاوات و کەرتی نەوت گەشەسەندنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و لە بەرهەمهێنانی
غازدا گەیشتوونەتە رێژەی ٦٧٪، هەروەها بەرهەمهێنانی بەنزینیش بۆ ٢٨ ملیۆن لیتر لە
رۆژێکدا بەرزبووەتەوە و هاوردەکردنیش بۆ نزمیترین ئاست دابەزیووە و لەسەرەتای ساڵی
٢٠٢٥ـدا هاوردەکردن دەوەستێت.
وتیشی، ئەو پڕۆژانەی کارکردن تێیاندا راوەستا
بوو کەمبوونەوەتەوە و لە ئێستادا ٤٠٠ پڕۆژە تەواو کراون کە ماوەی زیاتر لە دە ساڵ
دەبوو کاکردن تێیاندا وەستابوو.