سەردێڕ:

هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگی هەشت دابەشدەکرێت

AM:10:37:08/09/2024

13768 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی کاربەڕێکەر رایگەیاند، هاوکاری دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگی هەشت گەیشتووە و سبەینێ دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.


وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی پێشمەرگە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجە و بەرنامەکان (ژمێریاری سەربازی)، رێکارە دارایی و ژمێریارییەکانی ئەنجامداوە و سبەینێ دووشەممە، دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ٣ی ئەم مانگەدا، بەهۆی بڕینی ئەو هاوکارییەی هاوپەیمانان مانگانە بۆیان دەنێرێت و حکومەتی کاربەڕێکەر نایانداتێ، پێشمەرگەکانی فەوجی ٣ی لیوای ١١ گردبوونەوە.

ئەو پێشمەرگانە باسیان لەوەکرد، ماوەی چوار مانگە ئەو هاوکارییەیان پێنادرێت کە هاوپەیمانان بۆی دابین کردوون.

پێشتر هاوپەیمان چەندین کاروانى هاوکارى سەربازى و لۆجستییان پێشکەش بە پێشمەرگە کردووە و لەساڵى ٢٠١٧ـەشەوە مانگانە زیاتر لە ٢٠ ملیۆن دۆلاریان وەک مووچە دەدا بەو لیوا هاوبەشانەى خراونەتە سەر وەزارەتى پێشمەرگە.

لە مانگی ٦ی ئەمساڵیشەوە، ئەو پارەیە کرا بە هاوکاری دارایی و مووچەکانیان چووەوە سەر بەغدا، بەڵام ئێستا حکومەتی کاربەڕێکەر نە هاوکارییەکەی هاوپەیمانانیان بەسەر بەشێکیاندا دابەشدەکات و نەخۆشی مووچەیان پێدەدات، جگە لەوەی بەشێکی زۆری ئەو پێشمەرگانە دەوامیان دوور لە شار و شوێنی نیشتەجێبوونیانە.

هەر بە هەمان هۆکار لە ٣ی مانگی ٧ی ئەمساڵیشدا پێشمەرگەکانی لیوای ٩ی پیادە گردبوونەوە و ئاماژەیان بەوەدەکرد، نە مووچەیان پێدەدرێت نە هاوکاریی هاوپەیمانان.













گەلەری