سەردێڕ:

بەهۆی تەقەی هەڕەمەکییەوە لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیریدا منداڵێک بە سەختی بریندار بوو

AM:10:11:08/09/2024

1736 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی تەقەی هەڕەمەکییەوە لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیریدا لە قەزای بێجی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین منداڵێک بە سەختی بریندار بوو.


تەقەی هەڕەمەکی؛ ئەو رەفتارەی لەکاتی دەربڕینی خۆشیدا ئەنجامدەدرێت، سەرەڕای ئەوەی لە رابردووشدا چەندین زیانی لێکەوتووەتەوە و بەهۆیەوە کوژران و بریندار هەبووە، بەڵام هێشتا لە کلتوری چەند ناوچەیەکی رۆژهەڵاتدا بەردەوامە.

چاوگێک لە پۆلیسی سەڵاحەدین رایگەیاندووە، لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیریدا لە قەزای بێجی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین، تەقەی هەڕەمەکی کراوە و بەهۆیەوە منداڵێکی تەمەن هەشت ساڵ بە سەختی بریندار بووە.

باسی لەوەشکردووە، ئەو منداڵە لەگەڵ خێزانەکەیدا لە ئاهەنگەکەدا بەشدار بووە و کاتێکیش کەسوکاری زاوا گەیشتوونەتە شوێنی ئاهەنگەکە دەستیان کردووە بە تەقەکردنێکی زۆر و بەهۆیەوە فیشەکێک بەر سەری منداڵەکە کەوتووە و تووشی خوێنبەربوون بووە.

ئەو چاوگە ئەوەشی خستەڕوو، راستەوخۆ منداڵەکە بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە و لەئێستاشدا دۆخی تەندروستی ناجێگیرە.

تەقەی هەڕەمەکی تائێستا بووەتە هۆکاری ناخۆشی بۆ چەندین کەس و خێزان، کە بەهۆیەوە یان ئەو کەسە گیانی لەدەستداوە یان تووشی ئیفلیجی و برینداری سەخت بووە.

لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوام داوا لە هاوڵاتیان دەکەن بۆ دەربڕینی هەستی خۆشیان پەنا نەبەنە بەر تەقەکردن، چونکە نازانرێت ئەو فیشەکەی لە چەکەکەوە دەردەچێت لەکوێ و چۆن دەیداتەوە بە زەویدا، بەڵکو لەبری ئەوە چەندین رێگای دیکەی دەربڕینی خۆشی هەیە کە بەبێ زیانگەیاندن و هەراسانکردنی دەوروبەر دەکرێت ئەنجامبدرێت و لەبری گیروگرفت، ئاسودەیی بە کەسەکان دەبەخشێت.













گەلەری