PM:10:01:06/09/2024
47516 جار خوێندراوەتەوە
چاوگێکی ئاگادار بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بڕیارە لە کۆبوونەوەکانى نێوان ئەنجومەنی ئابووریی عێراق و هەرێم، پرسى مووچە بەتایبەتى مووچەى مانگى هەشت و بەبانکیکردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێم لە رێگەى بانکەکانى عێراقەوە لەگەڵ رادەستکردنى ٥٠٪ـی داهاتى ناوخۆ بە بەغدا، گفتوگۆى جدیان لەسەر بکرێت.
ئەو چاوگە بۆ ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوەش کرد، شاندەکەى عێراق کە ئەندامانى ئەنجومەنى ئابوورى لەخۆ دەگرێت لە هەولێر لەگەڵ بەرپرسانى حکومەتى کاربەڕێکەردا کۆدەبنەوە و بڕیارى کۆتایی لەسەر مووچەى مانگى هەشت و شێوازى نوێى دابەشکردنى مووچە دەدرێت، بەمەرجێک حکومەتى کاربەڕێکەر کێشە دروست نەکاتەوە بەتایبەتى لە ئامادەکردنى لیستى مووچەدا هاوشێوەی مانگەکانى پێشوو.
باسی لەوەش کرد، بەغدا جەخت دەکاتەوە کە پێویستە لە ئامادەکردنى لیستى مووچەدا
سەرنج و تێبینیەکانیان وەک خۆیان جێبەجێ بکرێن و هەرێم ئەو ٣٠ هەزار ناوەى زیادى
کردووە لایبات لە لیستەکەدا.
ئێن ئاڕ تى ئەوەشى دەست کەوتووە، ئەگەر حکومەتى کاربەڕێکەر بە مەرجەکانى بەغدا
رازى بێت، لەم هەفتەیەدا لیستى مووچەى مانگى هەشت رەوانەى بەغدا دەکرێت و پارەى مووچەى
مانگى هەشتیش دەنێردرێت.
ئەوەش
لەکاتێکدایە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڵاوی کردەوە، سبەی شەممە شاندی ئەنجومەنی
ئابووریی عێراق بە یاوەری ژمارەیەک لە بەرپرسانی عێراق بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی
هەرێم لەبارەی کۆتاییهێنان بە گرفتی پرسەکانی مووچە، بودجە، خەرجی، داهات و باج، سەردانی
هەرێمی کوردستان دەکەن. بەپێی زانیارییەکان تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق بەشدار
دەبێت لەو کۆبوونەوەیەدا.