سەردێڕ:

لە مانگی رابردوودا؛ عێراق چووە لیستی ئەو وڵاتانەی زۆرترین گرێبەستیان لەبواری وزە واژۆ کرد

PM:09:56:05/09/2024

1192 جار خوێندراوەتەوە

عێراق لە مانگى ئابى رابردوو گرێبەستى بۆ پێشخستنى ١٣ کێڵگەى نەوت واژۆ کردووە و بەهۆیەوە بووە بە یەکێک لەو پێنج وڵاتەى کە زۆرترین گرێبەستیان بۆ پێشخستنى کەرتى وزە لە مانگى ئابى رابردوودا ئەنجام داوە.


بە واژۆکردنی ١٣ گرێبەست بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی، عێراق لە دوای سعودیە و سوڵتانشینی عومان لە پێشەنگی لیستی پێنج گرێبەستە گەورەکانی جیهاندان لە مانگی ئابدا.

بەپێی راپۆرتی مانگانەی پلاتفۆڕمی وزە کە بارەگاکەی لە واشنتۆنە، عێراق خوازیارە بەرهەمهێنانی نەوت بە نزیکەی ٧٥٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیاتر بکات، بەوەش لە توانایدا دەبێت لە چەند ساڵی داهاتوودا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ هەشت ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەرز بكاتەوە.

ئەوە لە کاتێکدایە، وەزارەتی نەوتی عێراق لە ١٤ـی ئابی رابردوودا واژۆی لەسەر پێشخستنی ١٣ کێڵگەی نەوت کرد، کە حەواڵەی ئەو کۆمپانیا بیانیانە کرا کە کێبڕکێیان لەسەر بەدەستهێنانی مافی کارکردن کردبوو تیایاندا.

ئەو کێڵگە نەوتییانەش کە ئێستا چاویان لەسەرە تا ئاستی بەرهەمی نەوتی عێراق بەرز بکەنەوە، کێڵگەکانی رومەیلە و رۆژئاوای قورنە و زوبێر و مەجنونە.

ئەوەش دوای ئەوە دێت، لە ماوەی مانگی ئابی رابردوودا، نرخی بەرمیلێک نەوت لەسەر ئاستی جیهان ناجێگیر بووە و سەرەتا بە ٨٤ دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرا، بەڵام دواتر بۆ ئاستی ٨٠ دۆلار دابەزی، بەڵام بەپێی پێشبینی زۆرێک لە دامەزراوەکانی وزە، خواست لەسەر نەوت لە مانگەکانی داهاتوودا بەرەو هەڵکشان دەڕوات.

هەر بەپێی راپۆرتەکە، عێراق لە ئێستادا بە قەبارەی نزیکەی ٨٥٠ ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا وەبەرهێنان لە غازی سروشتیدا دەکات. لەو چوارچێوەیەدا ناوەندی توێژینەوەی ئەمریکی (وۆد ماکنزی) لە راپۆرتێکیدا بڵاوی کردووەتەوە، عێراق لەڕێگەی ژمارەیەک کۆمپانیای بیانییەوە، پلانێکی پێنج ساڵەی داناوە تا سوود لەو قەبارە زۆرەی غازی سروشتی ببینێت، کە لە بیرە نەوتییەکانەوە بەفیڕۆدەچن و دەکرێت لە بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا سوودی لێوەربگرێت.

لەلایەکی ترەوە و بەپێی راپۆرتی مانگانەی پلاتفۆڕمی وزە، سعودیە بە گرێبەستی مافی کارکپێکردنی شەش بیری نەوت لەناو خاکی کوەیت، بووەتە پێشەنگی لیستی پێنج گرێبەستە گەورەکانی جیهان لە مانگی ئابدا.

لەو چوارچێوەیەدا سعودیە لەڕێگەی گرێبەستێک بە بەهای ملیارێک دۆلار، نۆ کەشتی بارهەڵگری بۆ گواستنەوەی نەوت کڕیوە، کە وا دەکات سعودیە بخاتە نێو لیستی ئەو وڵاتانەی خاوەنی بارهەڵگری زەبەلاحی گواستنەوەی نەوتن و بەهۆیەوە داهات و قازانجەکانی زیاتر دەبن.













گەلەری