سەردێڕ:

حەج و عومرەی عێراق: ئەگەری ناوهاتنەوەی بەساڵاچووان بۆ حەج زیاترە لە توێژەکانی دیکە

PM:08:57:05/09/2024

3772 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی حەج و عومرەی عێراق رایگەیاند، بەپێی ئەنجامی تیروپشکی ئەلکترۆنی بۆ ئەو کەسانەی ناوی خۆیان بۆ حەجی داهاتوو تۆمار کردووە، ئەگەری هاتنەوەی ناوی بەساڵاچووان زیاتر دەبێت لە توێژەکانی دیکە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەستەی حەج و عومرەی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، تیروپشکی ئەلکترۆنییان بۆ ئەو کەسانە ئەنجام داوە کە ناویان بۆ حەجی داهاتوو تۆمار کردووە.

باسی لەوەش کرد، بەپێی ئەنجامی تیروپشکەکە، ئەو کەسانەی تەمەنیان لەنێوان ١٨ بۆ ٢٩ ساڵدایە، ئەگەری ناوهاتنەوەیان بەڕێژەی ١٠٪ دەبێت، ئەگەری هاتنەوەی ناوی ئەو کەسانەی تەمەنیان لەنێوان ٣٠ بۆ ٤٩ ساڵدایە ٣٠٪ دەبێت.

ئەوەشی خستە روو، ئەگەر هاتنەوەی ناوی توێژی بەساڵاچووان کە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە تەمەنیان ٥٠ ساڵ یاخود زیاترە، ٦٠٪ دەبێت و ئەوەش زۆرترین رێژەیە بەراورد بە توێژەکانی دیکە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە کۆتایی مانگی تەمموزی ئەمساڵ، جەمالەدین بەدری جێگری سەرۆکی دەستەی حەج و عومرەی عێراق رایگەیاند، وەک ئامادەکاریی پێشوەختە بۆ وەرزی حەجی داهاتوو، ژمارەیەک لە باڵەخانەکانی مەککە و مەدینە بەکرێ گیراون.

ئەوەشی خستە روو، لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی عێراقدا بەردەوامن لە هەماهەنگی سەبارەت بە پاسپۆرتی ئەو کەسانەی ناویان بۆ وەرزی حەجی داهاتوو دێتەوە لەگەڵ رێوشوێنەکانی گواستنەوەی ئەو کەسانە لە سنوورێکەوە بۆ سنوورێکی دیکە.


 













گەلەری