بەهۆی ئەو ناکۆکییە سیاسییانەی لە هەناردەکردنی نەوتدا هەیە لە بەندەرەکانی لیبیا، دوێنێ هەناردەی نەوتی لیبیا وەستا و بەهۆی ئەو مەترسیانەشەوە بەشێوەیەکی گشتی خواست لەسەر نەوت کەمبووەتەوە و بەو هۆیەشەوە نرخی نەوت رووی لە دابەزین کردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە ٧٢ دۆلار و ٩٦ سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت، بەراورد بە دوێنێ نرخەکەی نزمبووەتەوە.
هاوکات، بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تێکساس بە ٦٩ دۆلار و ٤٥ سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت و بەراورد بە دوێنێ، نرخەکەی دابەزیوە.
ئەو دابەزینە لەپڕەی نرخی نەوتی برێنت، نزمترین
ئاستییەتی لەماوەی نۆ مانگی رابردوودا، کە هۆکارەکەشی بۆ ئەو گرژی و ناکۆکییە سیاسییانەی
بەندەرەکانی لیبیا دەگەڕێتەوە لەسەر هەناردەکردنی نەوت و چاوەڕوانییەکان بۆ چارەسەربوونی
ئەو گرفتانە.
شارەزایانی ئابووری باس لەوەدەکەن، بەهۆی ئەو
ناکۆکیانەوە بازاڕەکان فشاریان لەسەرە و خواست لەسەر نەوت کەمبووەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە بەپێی ئامارەکان، کەرتی بەرهەمهێنانی
ئەمریکا سەرەڕای ئەوەی پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە لە مانگی رابردوودا، بەڵام هێشتا
لە لاوازترین ئاستی هەشت مانگی رابردوودایە.
دوێنێش، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئۆپێک پڵەسەوە باسى ئەوەی بڵاوکردبووەوە، بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە، رێکخراوەکە تاوتوێی دواخستنی بەرزکردنەوەى ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دەکات، کە بڕیاربوو مانگی داهاتوو دەستپێبکاتەوە.