سەردێڕ:

زیاتر لە ٣٠٠ خێزانی دیکەی ئاوارە گەڕانەوە شنگال

PM:05:44:03/09/2024

896 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گەڕانەوەی زیاتر لە ٣٠٠ خێزانی ئاوارەی بۆ شنگال راگەیاند.


بەگوێرەی راگەیەنراوێکی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ئەمڕۆ ٣٦٧ خێزانی ئاوارە لەکەمپەکانەوە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان لە شنگالی سەر بە پارێزگای نەینەوا.

ئەوەش هاتووە، هاوکاری دارایی بە بڕی چوار ملیۆن دینار بۆ هەر خێزانێک، کەرەستەی فریاگوزاری و کەلوپەلی ناوماڵ بەسەر ئاوارەکاندا لەلایەن تیمەکانی وەزارەتەکەوە دابەش کراوە.

لە سەرەتای ئەم مانگەدا وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان و داخستنی سەرجەم کەمپەکانی هەرێمی کوردستان، کار لەسەر تەرخانکردنی زەوی بۆ پڕۆژەی بچووک دەکەن بەسەر ئەو ئاوارانەی دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

ئاماژەی بەوەش کرد، هێشتا لە هەرێمی کوردستان ٢٢ کەمپ ماون کە ئاوارەی تێدا نیشتەجێن و ئەوانیش لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکن، لەکاتێکدا بەهۆی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەکانی نێو کەمپەکانی سنووری سلێمانی بۆ ناوچەکانی خۆیان، هیچ کەمپێک لەسنووری سلێمانی بوونی نەماوە.













گەلەری