سەردێڕ:

دوای ٣٣ ساڵ لە داخستنی؛ سویسرا جارێکی دیکە باڵیۆزخانەکەی لە عێراق کردەوە

PM:12:42:03/09/2024

1272 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی سویسرا رایگەیاند، دوای ٣٣ ساڵ لە داخستنی؛ جارێکی دیکە باڵیۆزخانەکەیان لە پایتەختی عێراق کردەوە و ئامانجیان لەم هەنگاوە بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە لە بواری ئابووری و ئەمنی و کۆچبەری.


ئەمڕۆ شێشەممە، وەزارەتی دەرەوەی سویسرا کردنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە بەغدای پایتەختی عێراق راگەیاند، ئەوەش لەدوای ٣٣ ساڵ داخستنی باڵیۆزخانەکە بەهۆی شەڕی کەنداوەوە لە عێراق.

وەزارەتی دەرەوەی سویسرا ئاماژەی بەوە کردووە، ئامانج لەم هەنگاوە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و سویسرایە لە بوارە جیاوازەکاندا و زیادکردنی هاوکارییەکانیانی نێوانیانە لە بوارەکانی ئابووری و ئەمنی و کۆچبەری.

باسی لەوەش کردووە، ئابووریی عێراق گەشەسەندنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و هەوڵەکانی حکومەتی وڵاتەکەش بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی وڵاتەکەی بەردەوامە، بەوهۆیەشەوە لە ئێسادا زیاتر لە ٥٠ وڵات باڵیۆزخانەیان هەیە لە خاکی عێراقدا لەوانەش، نەمسا، فەڕەنسا، ئیتاڵیا و ئەڵمانیا.

ئەوەشی خستووەتە روو، ئاسانکاری تەواو بۆ پێدانی ڤیزا بە هاوڵاتیانی عێراق دەکەن ئەگەر بیانەوێت سەردانی سویسرا بکەن، بەپێى ئەو رێنماییانەى حکومەتى سویسرا دایناوە.













گەلەری