سەردێڕ:

داهاتى ناوخۆ و نەوتى قاچاخ؛ سودەکەى بۆ دەسەڵات و مەینەتییەکەى بۆ خەڵک

PM:08:45:02/09/2024

936 جار خوێندراوەتەوە

دوو مانگە مووچەخۆرانى هەرێم مووچەیان وەرنەگرتووە، جگە لە پارەى بەغدا کە تا ئێستا ٩٥٠ ملیار دیناری ناردووە، هەرێم خاوەنى زیاتر لە نۆ ترلیۆن دیناری داهاتەکانی ناوخۆ و نەوتى قاچاخ و پارەى هاوپەیمانانە و نایدات بە مووچە و رادەستى بەغدای ناکات، هاوکات بۆ پرۆژەکانیش خەرجی ناکات.


وردەکاریی داهاتەکان بەم جۆرەیە، بەپێی نوسراوى فەرمى وەزارەتى دارایی کە ئەمساڵ بۆ بەغداى ناردووە، داهاتى ناوخۆی هەرێم مانگانە ٤٤٧ ملیار دینارە کە بۆ هەشت مانگی رابردوو دەکاتە سێ ترلیۆن و ٥٧٦ ملیار دینار. لەم بڕە تا ئێستا تەنها ٢٣٠ ملیاری رادەستى بەغدا کردووە، بەوەش سێ ترلیۆن و ٣٤٦ ملیار دیناری ماوەتەوە.

یەکێکى دیکە لە سەرچاوەیەکى داهاتى هەرێم فرۆشتنى نەوتە بە قاچاخ کە لە دواى راگرتنى هەناردەى نەوت بە بۆرى لە مانگی سێی ساڵى رابردووەوە، پارتى و یەکێتى رۆژانە لەڕێگەی سەدان تانکەرەوە لە دەروازە سنورییەکانەوە رەوانەى وڵاتانى ناوچەکەی دەکەن و داهاتى مانگانەى بە ٥٠٠ ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت. بەوەش لە هەشت مانگی رابردوودا داهاتى نەوتى قاچاخ چوار ملیار دۆلارە کە دەکاتە شەش ترلیۆن دینار.

داهاتى نەوتى قاچاخ هیچ بڕێکى نە رادەستی بەغدا دەکرێت نە تەنانەت دەچێتە خەزێنەى گشتییشەوە، بەڵکو بۆ دوو بنەماڵەکەى دەسەڵات دەچێت، بەم پێیەش حکومەتى کاربەڕێکەر داهاتى هەشت مانگی رابردووی نۆ ترلیۆن و ٣٤٦ ملیار دینارە، لەکاتێکدا مووچەى مانگانەی تەواوى موچەخۆرانى هەرێم بەپێی کۆتا لیستى موچە کە رەوانەى بەغدا کراوە ترلیۆنێک و ١٠ ملیار دینارە.

ئەوە جگە لە هاوکاریی هاوپەیمانان کە مانگانە ٣٢ ملیار دینارە و بۆ پێشمەرگە تەرخانکراوە کە لەم هەشت مانگەدا دەکاتە ٢٥٦ ملیار دینار.

هەموو ئەمانەش لەکاتێکدایە، رادەستنەکردنى داهاتى ناوخۆ بە بەغدا و فرۆشتنى نەوت بە قاچاخ دوو گرفتى گەورەی بەردەوامى نێوان حکومەتى کاربەڕێکەر و بەغدان.













گەلەری