چاوگێک لە وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، رەزامەندیان داوە بە هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم و لە مانگی داهاتووەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. پەرلەمانتارێکی عێراقیش دەڵێت، کێشەی مووچەی هەرێم تەنها بە بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بەگوێرەی یاساکانی دادگای فیدڕاڵی چارەسەر دەبێت.
ئەمڕۆ شەممە، یاسر حسێنی ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەرکە لەسەر هەرێم و عێراق پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم جێبەجێی بکەن وەک ئەوەی دادگای فیدڕاڵی ئاماژەی پێداوە.
ئاماژەی بەوەش
کرد، تاوەکو مووچەی هەرێم بەبانکی نەکرێت، کێشەی مووچە چارەسەر نابێت.
هاوکات، چاوگێک
لە وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، رەزامەندیان داوە بە هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی
هەرێم و بڕیارە لە مانگی حەوتەوە بۆیان هەژمار بکرێت، لە مانگی داهاتووەوە بۆیان خەرج
بکرێت.
لە هەرێم زیاتر
لە ٢٠٠ هەزار خانەنشین هەیە کە مووچەکانیان لە ٢٢٠ هەزار دینارەوە دەست پێدەکات و
کۆی مووچەکانیان ١٢٢ ملیار دینارە، بەجێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووش هەر یەکێکیان
جگە لە زیادکردنی مووچەکانیان هەریەکەیان ١٠٠ هەزار دەرماڵەی گوزەرانیان بۆ خەرج دەکرێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە،
بەغدا لە ماوەی سێ رۆژدا زیاتر لە ٩٠٠ ملیار دیناری بۆ مووچە ناردووە بۆ هەرێم، تا
ئێستا حکومەتی کاربەڕێکەر خشتەی مووچەی بڵاو نەکردووەتەوە، دیاریش نییە کە ئاخۆ
مووچەی مانگی حەوت دابەش دەکرێت یاخود هەشت، لەکاتێکدا نزیکەی ٦٠ رۆژە مووچەخۆران
مووچەیان وەر نەگرتووە.