بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، بە ئامانجی هەمەچەشنکردنی دراو و ئاسانکاریکردن بۆ گواستنەوەی نێودەوڵەتی، ١٣ بانکیان دیاری کردووە کە دەتوانن لەمەودوا حەواڵەی دەرەکی ئەنجام بدەن.
ئەمڕۆ هەینی، بانکی ناوەندیی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، شاندی بانکی ناوەندی لە ماوەی سەردانەکەیاندا بۆ نیویۆرک ژمارەیەک کۆبوونەوەی بەرهەمداریان لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا و بانکی یەدەگی فیدڕاڵی ئەمریکا، ژمارەیەک کۆمپانیا و بانکی دیکە ئەنجام دا.
باسی لەوەش
کرد، لە کۆبوونەوەکاندا ستایشی رێوشوێنەکانی بانکی ناوەندی بۆ فرۆشتنی دۆلار
بەشێوەی کاش و حەواڵەی دەرەکی لە بانکەکەوە کرا.
ئاماژەی
بەوەش کرد، هەر لە کۆبوونەوەکاندا میکانیزمەکانی کردنەوەی هەژمارێک لەنێوان بانکەکانی
عێراق و ئەو بانکە نێودەوڵەتییانەی کە حەواڵەی دەرەکی لەگەڵدا ئەنجام دەدەن بەشێوەیەکی
راستەخۆ تاوتوێ کرا. وتیشی، بۆ ئەو مەبەستە بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵدا، بەرپرسانی بانکی
ناوەندی لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانیان کۆببنەوە.
لە
راگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە، ئەم رێکارەی بانکی ناوەندی دوابەدوای ئەو رێککەوتنەیە
کە رێگە بە بانکەکان دەدات مامەڵە بە دراوەکانی یۆرۆ، یێنی چینی، لیرە، تمەن، درهەمی
ئیماڕاتی و روپیەیی هندی بکەن.
ئەوەشی خستە
روو، ئەم هەنگاوانە رۆڵێکی کاریگەرییان لەسەر پاڵپشتیکردنی گەشەی ئابووریی عێراق و
بەرزکردنەوەی ئاستەکەی، هاوکات فراوانکردنی هاوکاری نێودەوڵەتی لەگەڵ بازاڕە جیهانییەکان
دەبێت. وتیشی، " بانکی ناوەندی پابەندە بە گرتنەبەری هەر رێوشوێنێک کە هۆکار
بێت بۆ بەرزکردنەوەی متمانەی هاوڵاتیان بە سیستمی دارایی عێراق".
ئەوەش لەکاتێکدایە، لە مانگی چواری ئەمساڵدا، چاوگێک لە
کۆبوونەوەی شاندی بانکی ناوەندیی عێراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە ئێن ئاڕ تی
راگەیاند، بانکی ناوەندی لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سەبارەت بە فراوانکردنی
میکانیزمی دۆلاری حەواڵە گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی نوێ و سزا لەسەر پێنج بانکی عێراقی هەڵگیرا.
ئاماژەی بەوەش کرد، بە گوێرەی رێککەوتنەکە پێنج بانک لەو ١٠ بانکە سزادراوە
دەتوانن بە تەواوی وەک هاوبەشی بانکی لە دابینکردنی دۆلاری حەواڵە بۆ بازرگانانی
ناوخۆی و دەرەکی لەژێر سەرپەرشتی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بەشداری لە مەزادی
بانکی ناوەندیدا بکەن.
وتیشی،"
ئەو پێنج بانکە تەنها بەشدارن لە گواستنەوە و دابینکردنی دۆلار بۆ بازرگانان بۆیە
لە مەودای پێنج بۆ ١٥ ملیۆن دۆلاری رۆژانە پێویستیان بە گەڕانەوە نییە بۆ بانکی
ناوەندی چونکە بەشدارن لە سیستەمی بانکیدا".
یەکەم کۆبوونەوەی
بانکی ناوەندی و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا؛
رۆژی ٩ـی نیسان
بانکی ناوەندیی عێراق لەبارەی بانکە سزادراوەکانەوە بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی
راگەیاند، نوێنەرایەتی بانکی ناوەندی لە کۆبوونەوەی ئاساییان لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی
ئەمریکا سەبارەت بە هەڵگرتنی سزای سەر بانکەکانی عێراق گەیشتنە رێککەوتنێک لە سوودی
بانکەکانی عێراق. وتیشی، " هێشتا لە گفتوگۆدان سەبارەت بە بانکەکانی دیکە و بۆ
ئەومەبەستە ئەنجوومەنی چاکسازی بانکەکان دروستکراوە کە تێیدا بانکەکان لەژێر رێنمایی
بانکی ناوەندی و ئەمریکا مامەڵەداراییەکانیان دەست پێ دەکەنەوە".
قۆناغی سەرەتایی
لێخۆشبوون لە بانکە سزادراوەکان؛
بەرپرسی راگەیاندنی
بانکی ناوەندیی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، رۆژی ٦ـی نیسان لەگەڵ
نوێنەرایەتی ٣٢ بانکە سزادراوەکە کۆبوونەتەوە و بە گوێرەی کۆبوونەوەکەش بڕیاردراوە
کە لە چوارچێوەی سیستەمی بانکی نێودەوڵەتی چاکسازییان تێدا بکرێت و لە قۆناغی سەرەتاشدا
بە شێوەیەکی دیاریکراو دەتوانن داواکاری بۆ کڕینی دۆلار و تمەن و یۆرۆ و لیرە و یێنی
چینی پێشکەش بکەن کە لە ٧٪ تێکڕای رێژەی فرۆش زیاتر نەبێت.
کاریگەریی هەڵگرتنی
سزای سەر بانکەکان لەسەر ناوخۆی عێراق؛
عەلی عەلاق
پارێزگاری بانکی ناوەندی رایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سەبارەت بە
بانکە سزادراوەکان بۆ کەمکردنەوەی سزاکان لەسەریان بە مەبەستی فراوانکردنی ئاستی
بازرگانی ناوخۆی و دەرەکی لە گفتوگۆدان. وتیشی، " دۆلار و هیچ دراوێکی دیکە
نادرێتە هیچ بانک و بازرگانێک، ئەگەر نەزانرێت بۆچیەتی و بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت لە
سیستەمی سویفتدا خۆیان تۆماربکەن بە پێچەوانەوە مافی مامەڵەکردنیان بە دۆلار نامێنێت".